ئاگادارییەک لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی سلێمانی لە ئاگادارییەکەدا رایگەیاند، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا گژوگیای نەدوراوەی نێو فڕۆکەخانە دەفرۆشێت.

ئاگادارییەکە کە واژۆی هەندرێن هیوا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی سلێمانی پێوەیە، تێیدا هاتووە: لیژنەی فرۆشتنی فڕۆکەخانەی سلێمانی جووتیاران و ئاژەڵداران ئاگادار دەکاتەوە، کە بەمەبەستی فرۆشتنی گژوگیای نەدوراوەی نێو فڕۆکەخانە، زیادکردنێکی ئاشکرا ئەنجام دەدات.

ئاماژە بەوەشدراوە، زیادکردنەکە رۆژی 18ـی نیسانی 2023 کاتژمێر 10ـی سەرلەبەیانی بەڕێوەدەچێت و هەر کەسێک ئارەزووی بەشداریکردنی هەیە، دەتوانێت لەو رۆژەدا سەردانی بەشی گەنجینەکانی فڕۆکەخانە بکات و بڕی بارمتەی یاسایی بە رێژەی %20 بە نرخی خەمڵێندراو ببات.

ئەوەش خراوەتەڕوو، پێویستە لە ماوەی دوو هەفتەدا پاش ئەنجامدانی زیادکردنەکە و پێگەیشتنی گژوگیا، ئەو رووبەڕەی دیاریکراوە سەرجەم گژوگیاکەی بدورێتەوە، جگە لە گژوگیای نزیک مدرج.

سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی سلێمانی سەبارەت بەو زیادکردنە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم زیادکردنە ساڵانە بەپێی رێنماییە بەرکارەکان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنە و خەڵک بۆی دەرەچێت.