ئەمەریکا: سەربازەکانمان لە سووریا بەدەست شڵەژانی مێشک دەناڵێنن

K24 - هەولێر

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، کە سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاندووە، لە دوو هێرشی مانگی ئاداردا کە لەلایەن چەکدارانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدراون، 23 سەربازی ئەمەریکی لە سووریا تووشی شڵەژانی مێشک بوون.

لە راگەیەندراوێکدا هاتووە، لە هێرشەکانی 23 و 24ی ئاداردا لە رۆژهەڵاتی سووریادا،11 حاڵەتی نوێی زەبر گەیشتن بە مێشک لەنێو سەبازانی ئەمەریکا تۆمارکراوە، هەروەها پزیشکەکان 23 لەو بریندارانەیان دەستنیشان کردووە، کە تووشی برینێکی سوکی شڵەژانی مێشک بوون.

25 سەربازی ئەمەریکی لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سووریادا بریندار بوون، کە بەڵێندەرێکی ئەمریکیش کوژرا و بەڵێندەرێکی دیکەش بریندار بوو.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا مەزەندە دەکات، کە هەشت چەکدار لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکادا بۆ سەر دوو دامەزراوەی سەر بە ئێران لە سووریا کوژرابن.