محەممەد حەلبوسی: لە یادی ئەنفالدا هیوامان بۆ عێراقێک کە رەچاوی مافی مرۆڤ بکات باشتر دەبێت
K24 – هەولێر:
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایدەگەیەنێت، هەموو ساڵێک لەگەڵ ئازاری تاوانی ئەنفال کە گەلی کورد کرایە ئامانج و هاووڵاتییانی بێ گوناهـ بوونە قوربانی، هیوامان دەبێت بۆ ئایندەیەکی باشتر.
ئەمڕۆ شەممە (15ــی نیسان/ ئێپڕێڵی2023)، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تویتێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردەوە سەبارەت بە تاوانی ئەنفال دژ بە گەلی کورد و گوتی: "هەموو ساڵێک لەگەڵ ئازاری تاوانی ئەنفال کە گەلی کورد کرایە ئامانج و هاووڵاتییانی بێ گوناهـ بوونە قوربانی، هیوامان دەبێت بۆ ئایندەیەکی باشتر کە عێراقییەکان لە سایەی سیستمێکی دیموکراتی دادپەروەر رەچاوی مافی هاووڵاتییان بکەن"
هەروەها حەلبووسی گوتیشی: "هیوامان وایە سیستمێکی دادپەروەر و دیموکراتی، کار بۆ پێشکەوتن و سەقامگیری عێراق بکات".
رۆژی 14ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023، 35 ساڵ بەسەر تاوانەکانی رژێمی بەعسی رووخاو تێپەڕی کە بە چەند قۆناغێکی جیاواز، شاڵاوی ئەنفالی لە دژی کورد ئەنجامدا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 180 هەزار کەس و رووخانی زیاتر لە چوار هەزار گوندی هەرێمی کوردستان.