پڕۆسەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە بەخێرایی بەڕێوەدەچیت
K24 - هەولێر:
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، شاندێکی سعوودیە سەردانی ئێران دەکات بەمەبەستی دەستنیشانکردنی هۆتێلێک بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاتی کارەکانی کونسۆڵخانەکەی لێ بەڕێوەببات تا ئەو کاتەی باڵەخانەی تایبەتی بۆ دروست دەکرێت.
رۆژی (شەممە 15ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) محەممەد بەهەشتی، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پارێزگای خوراسان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێران و سعوودییە لە هەوڵەکانیان جیددی و بەردەوامن سەبارەت بە کردنەوەی کونسۆڵخانەکانیان لە هەردوو وڵات، لەم چوارچێوەیەشدا شاندێکی سعوودی سەردانی شاری مەشهەدی ناوەندی پارێزگای خوراسانی کردووە بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی چەند هۆتێلێک و هەڵبژاردنی یەکێکیان بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاتی کارەکانی کونسۆڵخانەکەی لێ بەڕێوەببات.
محەممەد بەهەشتی ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکانی هەردوو وڵات بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان پێشکەوتنی ئەرێنی بەخۆوە بینیوە، کردنەوەی کارەکانی کونسۆڵخانەی سعوودیەش لە مەشهەد لە چوارچێوەی رێککەوتننەکانی نوێیەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.
رۆژی (چوارشەممە 12ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) شاندێکی باڵای ئێران گەیشتە ریازی پایتەختی سعوودیە، بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتەکانیان لەو وڵاتە.
رۆژی دووشەممە (3ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) حسێن ئهمیر عهبدوڵڵاهیان و فهیسهڵ بن فهرحان وەزیرانی دەروەی ئێران و سعوودییە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و دوایین دۆخی رێككهوتننامهی ئاساییكردنهوهی پهیوهندییهكانی نێوان ئێران و سعوودیەیان خستە بهر باس و پاشان رۆژی پێنجشەممە 6ـی نیسان وەزیرانی دەرەوەی سعوودیە و ئێران لە چین کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، رێککەوتن کرا لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانیان و کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان و گەشتە ئاسمانییەکان و ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتیان، هەروەها دەستپێکردنەوەی سەردانی هاوبەشی بەرپرسان و نوێنەرانی کەرتی تایبەت نێوان هەردوولا.
سعوودیە لە ساڵی 2016 پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند، دوای ئەوەی هێرشی کردە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تاران، ئەمەش لەکاتێکدایە ناکۆکی نێوان هەردوو وڵات لەسەر لەسێدارەدانی پیاوێکی ئایینی شیعە لە سعوودیە دروستبوو، پاشان ریاز داوای لە دیپلۆماتکارانی ئێرانی کرد لە ماوەی 48 کاتژمێردا بڕۆن و ستافی باڵیۆزخانەکە چۆڵ بکەن.