بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی ئەمەریکا: ئەگەر چین هێرش بکات هێزی ئاسمانی تایوان لە مەترسیدایە
K24 - هەولێر
بەڵگەنامە هەواڵگرییە دزەپێکراوەکانی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوەکردووە کە تایوان ئامێری پێویستی نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هێرشی ئاسمانی چینی، هەروەها بەهۆی تاکتیکە نوێیەکانی پەکینیشەوە چاودێریکردنی ئەستەمە بۆ واشنتن، بەپێی ئاژانس فرانس پرێس.
بەرپرسانی ئەمەریکا ترسیان لەوە هەیە کە بەرگری ئاسمانی تایوان نەتوانێت "بە وردی چاودێری مووشەکەکان" بکات و بە شێوەیەکی کاریگەر و خێرا وەڵامیان بداتەوە.
واشنتن پۆست بڵاویکردووەتەوە، تەنها نزیکەی نیوەی هێزی ئاسمانی تایوان دەتوانرێت لە شەڕدا بەکاربهێنرێت و بەپێی ئەو بەڵگەنامە دزەپێکراوانەی کە دەتوانرێت هەفتەیەک بخایەنێت بۆ گواستنەوەی هەندێک فڕۆکە بۆ پەناگە.
رۆژی هەینی، ئەندامێکی پاسەوانی نیشتمانی تەمەن 21 ساڵ لەلایەن دادگای ئەمەریکاوە تۆمەتبارکرا و گومان دەکرێت لە پشت دزەپێکردنەکەوە بێت.
بەگوێرەی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان، ئەو تاکتیکە نوێیانەی پەکین گرتویەتیەبەر، وەک بەکارهێنانی کەشتییە مەدەنییەکان لە مانۆڕە سەربازییەکاندا، بووە هۆی کەمبوونەوەی توانای هەواڵگریی ئەمەریکا بۆ چاودێریکردنی هێرشێک بۆ سەر تایوان پێش ئەوەی رووبدات.
هەروەها بەڵگەنامەکان کاریگەریی مانۆڕە سەربازییەکانی تایوان لە ئامادەکاری بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی چینی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
لە چەند هەفتەی رابردوودا گرژییەکان لەسەر تایوان پەرەی سەندووە، کە چین بە بەشێک لە خاکەکەی خۆی دەزانێت، ئەگەر پێویست بکات بە زەبری هێز وەریدەگرێتەوە.
لەماوەی رابردووشدا سوپای چین مانۆڕی سەربازی بەرفراوانی رێکخست دوای کۆبوونەوەی نێوان تسای ئینگ وێن سەرۆکی تایوان و کیڤن مەکارتی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کالیفۆرنیا.