زیاتر لە 15 هەفتەیە لە ئیسرائیل خۆپیشاندانە

K24 - هەولێر

شەوی رابردوو بەهەزاران خۆپیشاندەری ئیسرائیل لە تەلئەبیب رژانە سەر شەقامەکان، لە دژی هەموارکردنەوەی یاسایی دادوەری، کە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ دەیەوێت پەسەندی بکات.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، بڵاویکردووەتەوە، خۆپیشاندەرەکان لەسەر بانەرەکانیان نوسیبوویان "دیموکراتی رزگارکەن"، هەروەها هەندێک لە خۆپیشاندەرانیش بۆمبی دوکەڵیان هەڵداوە.

خۆپیشاندان لە شارەکانی دیکەی ئیسرائیلیش بەرێوەچوو، کە دیارترینیان حەیفا  و مودیعینن لەبەردەم ماڵەکەی وەزیری داد، یاریڤ لڤین.

لە سەرەتای مانگی یەکدا لەوەتەی رەشنووسی هەموارکردنەوەی یاسایی دادوەری راگەیەندراوە، ماوەی 15 هەفتەیە لەسەر یەک دەیان هەزار ئیسرائیلی خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن دژی هەموارکردنەوەی یاساکە.

حکومەت ئامانجی لە هەموارکردنەوەکە ئەوەیە دەسەڵاتەکانی پەرلەمان بەهێزتر بکات لەسەر حیسابی دادگای باڵای وڵات.