لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: بودجەی گشتی رێژەی 75٪ـی خەرجی بەکاربردنە و 25٪ـیش خەرجی وەبەرهێنانە

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تێبینییەکانی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەخاتەڕوو

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 - هەولێر:

لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راپۆرتی خۆی  لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە ئاماژەی بەوەداوە، بەرزی رێژەی بێکاری، هەژاری و هەڵاوسان ئاستەنگی زۆرن لەبەردەم بودجەی گشتی عێراق.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە تاوەکو پڕۆژە یاسای بودجە تێپەڕێنێت، لیژنەی دارایی رۆژانە وردبینی بۆ بڕگەکانی دەکات. لیژنەکە لە راپۆرتی خۆیدا، ئاماژە بەوەدەدات، بودجەی سێ ساڵی داهاتوو لە بارودۆخێکدا داڕێژراوە، کە ئابووری وڵات بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و رێژەی هەڵاوسان لە ئاستێکی بەرزدایە و لە 2022 بودجە پەسەندنەکرابوو، بەڵام بۆ ساڵی 2023 گەورەترین بودجە ئامادەکراوە، بەڵام رێژەی 75٪ـی خەرجی بەکاربردنە و 25٪ـی خەرجی وەبەرهێنانە.

بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەی دارایی چەند ئاستەنگ و بەربەستێک لە بەردەم پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 هەیە، کە هۆکارەکنیشی بۆ وەستانی دامەزراندن، پەککەوتنی پڕۆژەکان و بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری دەگەڕێنێتەوە. لیژنەکە رایگەیاندووە، گەورەیی قەبارەی ئەو بڕە پارەی بۆ پارەدارکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت تەرخانکراوە، یەکێکە لە سەرەکیترین بەربەستەکان. هەر بەپێی راپۆرتی لیژنەکە، گەوریی قەبارەی کورتهێنان و سەرچاوەکانی پارەدارکردنی و بەرزی رێژەی بێکاری و هەژاری و هەڵاوسان و ئاڵنگاری لە دابینکردنی نەختینەی پێویست بەهۆی لاوازی سەرچاوەکانی داهات سێ لە ئاستەنگە دیارەکانی دیکەی بەردەم بودجەن.

لیژنەی دارایی روونیشیکردووەتەوە، ناڕوونی سیاسەتی نەختینەیی و دارایی لە چەند ساڵی داهاتوودا، هاوکات لەگەڵ پاڵپشتیکردنی سیستەمی مەرکەزی بەسەر لامەرکەزی لە رێگەی تەرخانکردنی سەرچاوەکانی داهات بەسەر وەزارەتەکان و هاوکات ناجێگیری نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، سێ ئاستەنگی ترن لە بەردەم بودجە.

لە سەرێکی ترەوە لیژنەی دارایی، لە بەشی داهاتەکان تێبینی زۆری لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە هەیە بەوەی لە ساڵی 2021 داهاتی نەوتی سەدا 80ـی بودجەی پێکهێنابوو، کە دەیکردە 81 ترلیۆن دینار، بەڵام لە بودجەی ئەمساڵ سەدا 87ـی بودجەی پێکهێناوە دەکاتە 117 ترلیۆن دۆلار. لەمبارەیەوە لینەکە رایگەیاندووە، ئەو بەرزبوونەوە بەرچاوەش بۆ خەمڵاندنی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە کە لە 2021 نرخی بەرمیلێک بە 45 دۆلار خەمڵێندرابوو، بەڵام لە 2023 نزیکەی 250 هەزار بەرمیل نەوتی دیکە زیادکراوە و نرخی بەرمیلێکیش بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە.

لە بارەی داهاتی نانەوتیش، هەرچەندە حکومەت دەیەوێت کار بۆ زیادکردنی بکات، بەڵام بە پێچەوانەوە، لە بودجەی 2021، رێژەی 20٪ـی پێکهێنابوو کە دەیکردە 20 ترلیۆن دینار، بەڵام لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 رێژەکە لە 20٪ـەوە بۆ 13٪ کەمی کردووە و داهاتەکەی بە 17 ترلیۆن و 300 ملیار دینار خەمڵێندراوە. داهاتی گشتیش لە بودجەی 2021 نزیکەی 101 ترلیۆن دینار بووە لە پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ بۆ 134.6 ترلیۆن دینار زیادیکردووە.

روونیشی کردووەتەتەوە، لە داهاتی فیعلیدا، لە ساڵی 2021 نزیکەی 96 ترلیۆن و 600 ملیار دینار کۆکراوەتەوە، هاوکات لە ساڵانی لە 2022 نزیکەی 154 ترلیۆن دینار کۆکراوەتەوە. لە داهاتی نانەوتیش لە 2021 نزیکەی 12 ترلیۆن و 500 ملیار دینار کۆکراوەتەوە، بەڵام لە سڵی 2022 نزیکەی 7 ترلیۆن و 700 ملیار دینار کۆکراوەتەوە. کۆی داهاتی فیعلی لە 2021 نزیکەی 109 ترلیۆن دینار بووە و لە ساڵی 2022 نزیکەی 161.7 ترلیۆن دینار بووە. واتە بە شێوەیەکی گشتی داهاتی نەوتی بەردەوام بووە لە زیادبوون و داهاتی نانەوتی کەمی کردووە.

لیژنەکە تیشکی خستووەتە سەر بەشی خەرجییەکان و بە گشتی بەراورد بە بودجەی 2021 بە رێژەی 53٪ زیادیکردووە، کە قەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ 199 ترلیۆن دینارە، بەڵام لە بودجەی 2021 نزیکەی 130 ترلیۆن دینار بووە. ئەوەش بە گشتی دابینکردنەکان لە پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵەدا 49 ترلیۆن دینارزیادیکردووە، تەرخانکردنی سەرمایەش نزیکەی 20 ترلیۆن دینار زیادیکردووە. کورتهێنانیش بەراورد بە 2021 سەدا 125 زیادیکردووە، کە کورتهێنان لەمساڵدا 64.5 ترلیۆن دینارە لە کاتێکدا لە 2021 نزیکەی 28.5 ترلیۆن دینار بوو.