کریملن: پوتن چووەتەوە ئۆکرانیا
K24 - هەولێر:
کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا ناسراو بە کریملن ئاشکرایکرد، ڤلایدمێر پوتن سەردانی ناوچەی خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیای کردووە و چاوی بە سەربازە رووسەکان کەوتووە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی کۆشکی کریملن، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی فیدراسیۆنی رووسیا سەردانی بارەگای هێزە سەربازییەکانی دنیپرۆی کرد، لە ناوچەی خێرسۆن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە کات و رۆژی سەردانەکەی پوتن بۆ ئۆکرانیا نەدراوە.
ئەمە دووەم سەردانی ڤلادیمێر پوتنە بۆ ئۆکرانیا لەدوای هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا، یەکەم سەردانیشی لە مانگی رابردوو بوو، کە سەرەتا چووە دۆنێتسک و دواتر لەرێگەی هێلیکۆپتەرەوە چووە ماریۆپۆل.
لە 24ـی شوباتی 2022 سوپای رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا هێرشی سەربازی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و لەو کاتەوە تا ئێستا شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای ئەو دوو وڵاتەدا بەردەوامە.
بەهۆی لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا، جگە لە گیانلەدەستدانی هەزاران سەرباز و هاووڵاتی سڤیل، ملیۆنان ئۆکرانی ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپی بوون