ئەنجومەنی پیران داوای سەپاندنی سزا بەسەر هەردوو سەرکردەی سەربازی سووداندا دەکات
K24 - هەولێر
لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕی شەقامەکانی سوودان، یاسادانەرانی ئەمەریکا، رەخنەی توندیان ئاراستەی عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەری سوودان و فەرماندەی سوپا، و محەممەد حەمدان دەگاڵۆ، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا کرد، داوای سەپاندنی سزا بەسەر ئەو دوو سەرکردە سەربازییە دەکەن.
جیم ریش، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران لەسەر پشکی کۆماریەکان، راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە گوتی: "بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە کەوتوونەتە داوی متمانەکردن بە بورهان و حەمیدتی کاتێک گوتیان دەسەڵات رادەستی هاوڵاتیانی مەدەنی لە سوودان دەکەینەوە".
ریش لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند، کۆنگرێس پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد، کە داوا لە ئیدارەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دەکات، ئەنجومەنی سەربازی بەرپرسیار بکات لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و گەندەڵی و رووبەرووبونەوەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو ئەنجومەنە کۆسپی سەرەکییە لە بەردەم دیموکراسی لە سوودان، هەروەها رەخنەی لە ئیدارەکە گرت و دەڵێت: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاتێکی زیاتری بەم سەرکردە خۆپەرست و چەپەڵانە بەخشی کە کات بەفیڕۆ بدەن، وە بەبێ گوێدانە ئەوەی کە کێ شەڕەکەی دەستپێکردووە، پێویستە ئیدارەی بایدن هەنگاوی خێرا بنێت بۆ سەپاندنی سزا بەسەر بورهان و حەمیدەتی.
بۆب مێنێندێز، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران لە پشکی دیموکراتەکان، داوای لە ئیدارەی ئەمەریکا کرد سزا بەسەر ئەوانەی شەڕیان دەستپێکردووە و مافی مرۆڤیان پێشێڵکردووە بسەپێنێت.
مێنێندێز کە یەکێک بوو لە سپۆنسەرەکانی پڕۆژە یاسای سزاکانی سوودان، داوای لە ئەمەریکا کرد پێشەنگ بێت لە سەپاندنی ئەم سزایانە بۆ ئەوەی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیش لەگەڵیاندا پابەندبوونیان بە ئازادی و پێشخستنی بەها دیموکراتییەکان دووپات بکەنەوە لە سەرانسەری جیهاندا.
سیناتۆرێکی دیموکراتەکان بەناوی کریس کونز، پێی وایە کە تاکە رێگە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە رێگەی گفتوگۆی سیاسی جددی و گەڕانەوەی پرۆسەیەکی راگوزەری مەدەنییە کە رێز لە ماف و خواستەکانی گەلی سوودان بگرێت.