سوودانی لەسەر هەڵاتنی کەمبەش بەرپرسێکی باڵای ئەمنی دووردەخاتەوە
K24 - هەولێر:
سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی کرد و تێیدا بڕیاری لەکارلادانی بۆ بەرپرسێکی باڵای ئەمنی دەرکرد.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە 20ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە بەشداری وەزیری ناوخۆی عێراق و بەرپرسانی دیکەی هێزە ئەمنییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی کرد و یەکێک لە تەوەرەکان تایبەت بوو بە دۆسیەی هەڵاتنی سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووتری وەقفی سوننی عێراق، کە بە تۆمەتی خراپبەکارهێنانی پۆستەکەی بۆ بەرژەوەندی کەسی، دەستگیرکرابوو.
سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری لەکارلادانی حامید زوهێری، فەرماندەی فیرقەی تایبەتی دا بەهۆی کەمتەرخەمیکردنی لە ئەرکەکەی و نەگرتنەبەری رێکاری پێویست سەبارەت بە دۆسیەی هەڵاتنی سەرۆکی پێشووتری وەقفی سوننی عێراق. هەر لە کۆبوونەوەکەدا سوودانیدا بڕیاریدا لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانە بکرێت کە لەم دۆسیەیە کەمتەرخەم بوونە و رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و هاوکات جارێکیتر هەڵسەنگاندن بۆ ئەرک و ئەدای دەزگا ئەمنییەکان بکرێتەوە. لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا سوودانی بڕیاری داخستنی بنکەی پۆلیسی کەڕادە مەریەمی دا لە ناوچەی سەوز، کە هەڵاتنەکەی تێدا رووداوە.
رۆژی (سێشەممە 11ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکی فیدڕاڵی رایگەیاند، دادوەری دادگای ناوەندی تاوانەکانی نەهێشتنی گەندەڵی بڕیاری زیندانیکردنی چوار ساڵی بۆ سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووتری دیوانی وەقفی سوننی دەرکردووە، بەهۆی سەرپێچیکردنی لە ئەرکەکەی، کە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە پارە و دارایی گشتی.
لە 21ـی ئاداری ئەم ساڵ، دەستەی دەستپاکی فیدڕاڵی رایگەیاند، تیمێکی پشتیوانی دەستەی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی توانیویانە بە بڕیاری دادگا سەرۆکی پێشووتری دیوانی وەقفی سوننی دەستگیر بکەن بە تۆمەتی خراپبەکارهێنانی ئەرکەکەی و قۆستنەوەی پۆستەکەی بۆ سوودی تایبەتی.