ئەنتۆنی بلینکن داوا لە بورهان و حەمیدتی دەکات پابەندی ئاگربەست بن
K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا داوای لە عەبدولفەتاح بورهان و محەممەد حەمدان دەقلۆ (حەمیدتی) کرد، پابەندبن بە ئاگربەستی نێوانیان.
ئەمڕۆ هەینی، 21ی نیسان 2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێدا هاتووە، "ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، داوای لە عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی سوپای سوودان و محەممەد حەمدان دەقلۆ، فەرماندەی پشتیوانی خێرا کرد، پابەندبن بە ئاگربەستی نێوانیان بن، هەروەها ئیدانەی کوشتن و بریندارکردنی مەدەنیەکانیشی کرد.
بلینکن، داوای لە هەردوولا کرد، کە پابەندبن بە راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی 72 کاتژمێر، با لانی کەم تاوەکو کۆتایی جەژنی رەمەزان ئاگربەست بەردەوام بێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانی قووڵی نەتەوە یەگرتووەکانی دەربڕی سەبارەت بە مەترسییەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و کارمەندانی فریاگوزاری و کارمەندانی نێردەی دیپلۆماسی، لەوانە کارمەندانی نێردەی ئەمەریکا کە لەم رۆژانەی دواییدا رووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە.