ئۆکرانیا: رووسیا دوای 25 رۆژ دووبارە کیێڤی بۆردوومان کردەوە

دیمەنێکی دوای بۆردووماکردنی ئۆکرانیا لەلایەن رووسیاوە | وێنە: AP
دیمەنێکی دوای بۆردووماکردنی ئۆکرانیا لەلایەن رووسیاوە | وێنە: AP

K24 - هەولێر:

سێرگەی پۆپکۆ، سەرۆکی ئیدارەی سەربازی شاری کیێڤ، ئەوەی ئاشکرا کرد، دوای 25 رۆژ لە وەستان دووبارە رووسیا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بۆسەر کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا ئەنجامداوە.

پۆپکۆ، لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، ئەوەی خستووەتەڕوو کە هێزەکانی رووسیا لە شەودا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر کیێڤ.

ناوبراو، ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە کە ئەم هێرشەش دوای ئەوە دێت کە رووسیا ماوەی 25 رۆژە هێرشەکانی بۆسەر کیێڤ وەستاندووە، نوسیویشییەتی: "تاکتیکی دوژمن نەگۆڕاوە. لەگەڵ تاریک بوونی هەوا وڵاتی تیرۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی باکووری کیێڤ کرد".

سێرگەی پۆپکۆ، ئاماژەی بەوەشکردووە، رووسیا هێرشەکەی بەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئەنجامداوە کە ماوەیەک بەر لە ئێستا لە ئێرانی وەرگرتون، تێکڕا هەشت فڕۆکەشیان خراونەتەخوارەوە.

ناوبراو، باسی لەوەش کرد کە پەلامارەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە و سوپاسی هێزەکانی بەرگری ئاسمانی ئۆکرایناشی کرد کە توانیویانە هاووڵاتییانی مەدەنی و ژێرخانی شارەکە بپارێزن.

لە لایەکی دیکەشەوە سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە تەنها لە ماوەی یەک رۆژی رابردوودا سوپای رووسیا 23 ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بۆسەر ئۆکراینا ئەنجامداوە.

باس لەوەش کراوە کە لە هێرشەکەی شەوی رابردوودا نزیکەی 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکارهێندراون و لەو ژمارەیەش هەشتیان خراونەتەخوارەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە هێزەکانی رووسیا، 49 موشەکی دژەتانکیان ئاڕاستەی بنکەی یەکەکانی ئۆکرانیا و ناوچەکانی نیشتەجێبوون کردووە و بەم هۆیەشەوە هاووڵاتی مەدەنی کوژراو و بریندار بوون، هەروەها زیانیش بە ژێرخانی مەدەنی ئۆکرانیا گەیشتووە.

Fly Erbil Advertisment