ماجید شنگالی: یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم تێپەڕاندنی بوودجەی عێراق، رێژەی دیاریکراوی کورتهێنانە

ماجید شنگالی
ماجید شنگالی

K24 - هەولێر:

ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، یەکێک لە هۆکار و ئاستەنگەکانی بەردەم تێپەڕاندنی بوودجەی گشتی عێراق، رێژەی دیاریکراوی کورتهێنانە.

ماجید شنگالی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، لە پەخشی راستەوخۆی کوردستان24 ئاماژەی بە ژمارەیەک هۆکار و ئاستەنگی بەردەم تێپەڕاندنی بوودجەی سێ ساڵی داهاتووی عێراق کرد و راگەیاند، یەکێک لە هۆکار و ئاستەنگەکانی بەردەم تێپەڕاندنی بوودجەی گشتی عێراق، رێژەی دیاریکراوی کورتهێنانە کە بە 64 تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە، بەڵام ئەو رێژە راست نییە.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە کرد، یەکێک لە هۆکار و ئاستەنگەکانی دیکە، بریتییە لە بوودجەی بەشێک لە وەزارەتەکان کە لە هی پارێزگاکان زیاترە، لە کاتێکدا زۆربەی پارێزگاکان بەتایبەتی پارێزگا سونییەکان و هەندێک لە پارێزگا شیعەکانیش پێوستە خزمەتگوزاری زیاتریان پێشکەش بکرێت، هەر ئەمەش وایکردووە، پارێزگا سونییەکان و بەشێک لە پارێزگا شیعەکانیش لە بوودجەی پێشنیازکراوی تایبەت بە ئاوەدانکردنەوە پارێزگاکان لە بودجەی سێ ساڵی داهاتوو رازی نەبن.

ماجید شنگالی گوتیشی: "خەرجییە سیادییەکان زۆرن، کە پێکدێت لە 57 تریلیۆن دینار، کە پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا تەنیا 2٪ـە، تەنانەت لە وەزارەتی بەرگری ناکاتە ئەو رێژەیەش، لە کاتێکدا دەبێ پشکی هەرێم لە خەرجییە سیادییەکان لانی کەم 11٪ بێت".