لە پاکستان تەقینەوەیەک کوژرانی هەشت پۆلیسی لێکەوتەوە

رەوانەکردنی بریندارانی تەقینەوەکە بۆ نەخۆشخانە | وێنە: Haseeb Ali / EPA
رەوانەکردنی بریندارانی تەقینەوەکە بۆ نەخۆشخانە | وێنە: Haseeb Ali / EPA

K24 - هەولێر:

لە ئاکامی هێرشێک بۆ سەر بنکەیەکی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی سڤاتی پاکستان، هەشت پۆلیس کوژراون و 57 کەسیش برینداربوون.

بەپێی هەواڵی رۆژنامەکانی پاکستان، لەو هێرشەدا کە لە ناوچەی سڤات سەربە هەرێمی خەیبەر پاختونخوا ئەنجامدراوە، هێزەکانی یه‌کەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری پاکستان كراونه‌ته‌ ئامانج.

ئەوەش خراوه‌ته‌ڕوو کە لە هێرشەکەدا دوو تەقینەوە روویانداوە و باڵەخانەی بنکەکە بە تەواوەتی رووخاوە. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان هێرشەکە گیانلەدەستدانی هەشت پۆلیس و برینداربوونی 57 کەسی لێکەوتووەتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، کارەکانی گەڕان و رزگارکردن لە شوێنی رووداوەکە بەردەوامە.

بەرپرسێکی پۆلیس لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەوانان ئاماژەی بەوە کردووه‌، رووداوەکە هێرشی خۆکوژی بووە.