دوایین زانیارییەکان لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکەی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی
K24 - هەولێر:
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە (26ـی نیسان)، کەسێك بە چەکەوە هێرش دەکاتەسەر کارمەندانی پرسگەی نەخۆشخانەی د. جەمال رەشید بۆ منداڵان و برینداریان دەکات.
کەسوکاری یەکێک لە بریندارەکان بە کوردستان24ـیان راگەیاند، منداڵێكی تەقەکەرە لە نەخۆشخانەکە بووە و کاتژمێر 1:30ـی بەیانی ویستوویەتی بچێتە نێو نەخۆشخانەکە بۆ بینینی منداڵەکەی.
بەهۆی ئەوەی کاتەکەی بۆ سەردانیکردنی نەخۆش گونجاو نەبووە، کارمەندانی پرسگە رێگەیان نەداوە بچێتە ژوورەوە و دەمەقاڵێ لەنێوانیاندا دروستبووە.
دواتر ئەو کەسە تەقەی کردووە و پاسەوانێک و کارمەندێكی نەخۆشخانەکەی بریندار کردووە.
ئەوەشیان خستەڕوو، تەقەکەرەکە پێشتر ئاماژەی بەوەداوە کە سەر بە مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە و پێشتر چەند جارێک لەلایەن کارمەندانی نەخۆشخانەکەوە بۆ سەردانیکردنی منداڵەکەی هاوکاری کراوە.
د.پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، یەکێک لە بریندارەکان قاچی بریندارە، گوتیشی: تەندروستیان جێگیرە و لە نەخۆشخانەی شار خەوێنراون.