لیژنەی دارایی له‌ پەرلەمانی عێراق سەرجەم تێبینیەکان لەیاسای بودجه‌دا جێگیرده‌كات

پاره‌ی عێراقی، وێنه‌: شڤان هه‌ركی
پاره‌ی عێراقی، وێنه‌: شڤان هه‌ركی

K24 - هەولێر:

خەلیل غازی ئەندامی لیژنەی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرۆکایەتی لیژنەی دارایی سەرجەم ئەندامانی لیژنەکەی ئاگادارکردەوە، ئەمڕۆ لەسەر پرسی بودجە کۆببێتەوە بۆ ئەوەی سەرجەم تێبینیەکانمان لەیاساکە جێگیر بکرێت .

هەروەها ئاماژەی به‌وه‌شدا، یاساکە کورتهێنانی زۆری تێدایە، بەڵام تا ئێستا لیژنەی دارایی بەفەرمی تێبینییەکانی لەسەر کورتهێنان ئاراستەی حکومەت نەکردووە، بۆ ئەوەی کەم بکرێتەوە.

گوتیشی: "لیژنەی دارایی بەردەوام دەبێت لەکۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتەکان، بۆ ئەوەی بودجە بەکەمترین کەموکوڕییەوە لەپەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت".

رۆژی 13/3/2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژە بەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

پێشتریش گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، بەرەوپێشچوون و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و رایگەیاند، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە کەشێکی ئەرێنی رێککەوتوون لەسەر بەردەوامی کاری بەیەکەوەیی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی پەسەندکراوی کابینەکەی سوودانی.

Fly Erbil Advertisment