وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی هێرشی سەر مزگەوتەکەی شنگال راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی

K24 - هەولێر:

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەبارەی هێرش کردنەسەر مزگەوتێک لە شنگال لەلایەن چەند کەسێکەوە رایگەیاند، بەتوندی ئیدانەی بێڕێزی و دەستدرێژیکردنەوە سەر مزگەوت و ھەرناوەندێکی دیکەی ئایینی دەکەین.

دوێنێ پێنجشەممە 27ـی نیسان لە ئەنجامی گرژی و ئاڵۆزی دەڤەری شنگال دژی گەڕانەوەی ژماریەک خێزانی عەرەب بۆ دەڤەرەکە، ئاڵۆزی کەوتووەتەوە، بەھۆیەوە ژمارەیەک کەس ھێرشیان کردووەتەسەر حەرەمی مزگەوتی شارەکە، لەوبارەیەوە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو کارەیان کرد و دەڵێن: ئیدانەی بێ رێزی و دەستدرێژی کردنەوە سەرمزگەوت و ھەرناوەندێکی دیکەی ئایینی دەکەین، پێشمان وایە ئەم کارە ناڕەوایە دوورە لە ئاداب و نەریتی خوڕەوشتی رەسەنی ئایینی و کوردەواری و ھەوڵێکی پلان‌داڕێژراوە بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئایینی لە ناوچەکەدا.

وەزارەتی ئەوقاف راشیگەیاند، ھەموو ئەو لایەنانەی لێناگەڕێن دۆخی شەنگال ئاسایی بکرێتەوە، بەرپرسی یەکەمی رووداوەکەن، کە بەردەوام رۆڵیان لە ئاژەوەگێڕی دەڤەرەکەدا ھەیە.

بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ئەوقاف، ئەم جۆرە کردەوانە پلانی کەسین و پەیوەندی بە ھیچ ئایینێکەوە نییە، بۆیە داوا لە لایەنی پەیوەندیداری حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەن، بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی شنگالدا بکەن و بکەرانی رووداوەکە دەستنیشان بکەن و رووبەڕووی سزای یاسایی خۆیان بکەنەوە .