ئەرمینیا و ئازەربایجان لە واشنتن گەڕێکی نوێی دانوستان ئەنجامدەدەن
K24 - هەولێر:
وەزارەتەکانی دەرەوەی ئەرمینیا و ئازەربایجان گەڕێکی نوێی دانوستان سەبارەت بە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە واشنتن ئەنجامدەدەن.
لەوبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا بڵاویکردوەوە، ئارارات میرازۆیان وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا لە واشنتنە و کار لەسەر رێخکستنی گەڕێکی دیکەی دانوستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان دەکات، لەبارەی کێشەکانی نێوان هەردوولا بەتایبەتی لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ.
هاوکات، ئاژانسی هەواڵی تاسی رووسی بڵاویکردەوە، بەهۆی تەقەی پاسەوانانی سنووری ئازەربایجانەوە سەربازێکی ئەرمەنی لە هەرێمی سیونیک برینداربووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەرمینیا و ئازەربایجان وەک دوو وڵاتی ئەندامی پێشووی یەکێتی سۆڤیەت، لەپاش هەرەسی یەکێتییەکە لەساڵی 1991وە بەردەوام لەسەر سنورەکانیان بەردەوام لە شەڕ و ناکۆکیدابوون.