کەسێک بە چەقۆ هێرشدەکاتە سەر دوو پیاوی ئایینی

وێنەی یەکێک لەبریندارەکان
وێنەی یەکێک لەبریندارەکان

K24 - هەولێر

رۆژی شەممە، بە چەقۆ هێرش کرایە سەر پیاوێکی ئایینی ئێرانی، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەندامێکی ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران کوژرا.

ماڵپەڕی "سابرین نیوز"، سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، "لە وێستگەیەکی وەستانی پاس لە شەقامی ئەلشوهەدا لە شاری قوم لە کاتی نوێژی بەیانی کەسێک بە ئۆتۆمبێلێک هێرش دەکاتە سەر دوو پیاوی ئایینی و دوای ئەوەی هەردووکیانی بریندارکردووە دواتر شۆفێرەکە دابەزیوە و بە چەقۆ لێیداون".

ماڵپەرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لەو پیاوانە چەقۆیەکی بەر ملی کەوتووە، شۆفێرەکە پاشان هێرشی کردووەتە سەر پۆلیسەکان و هەوڵیداوە دەست بەسەر چەکی ئەفسەرانی پۆلیسدا بگرێت پێش ئەوەی دەستگیربکرێت.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری ئەمیر موختاری، بەڕێوەبەری پۆلیسی قومەوە بڵاویکردەوە، "دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە خۆی کێشاوە بەو دوو پیادەیە و برینداربوون، شۆفێرەکە لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزێت و بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر یەکێک لە قوربانییەکان کە پیاوێکی ئایینییە.

بەپێی گوتەی موختاری، هێشتا ئەو پیاوە ئایینییە لەژێر چاودێری چڕدایە، بەڵام هێشتا پاڵنەرەکانی هێرشەکە روون نییە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، پیاوێکی دیکەی ئاینی لە شەقامی مەزەرداران لە تاران کرایە ئامانج، کە کەسێک بە ئۆتۆمبێل خۆی پێدا کێشا و هەڵدێت، تاوەکو ئێستا پۆلیس بەدوای تۆمەتبەردا دەگەڕێن و دەستگیر نەکراوە.

چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەزایان بە ناوی عەباس عەلی سولەیمانی، لەناو بانکێک لە شاری بابۆڵسەر، لە پارێزگای مازەندەران بە فیشەک کوژرا.