رۆناڵدینیۆ خولێكی جیهانی تایبه‌ت به‌خۆی ده‌كاته‌وه

رۆناڵدینیۆ ئه‌ستێره‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی به‌رازیل، بڕیاری داوه "خولی جیهانی سه‌رشه‌قامی رۆناڵدینیۆ" به‌ڕێوه‌ببات، بە ئامانجی پێدانی دەرفەت بە یاریزانە گەنج و به‌هره‌مه‌نده‌كان بۆ ئەوەی تواناکانی خۆیان پیشان بدەن و هەمان ڕێگای یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا بگرنەبەر بۆ ئه‌وه‌ی ببنه ئه‌ستێره‌یه‌كی ناوداری تۆپی پێ.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی له رۆژنامه‌ی "گڵۆبۆ"ـی به‌رازیلی بڵاوكراوه‌ته‌وه بڕیارە لە کۆتایی ساڵی 2023، یارییەکانی "خولی جیهانی شەقامی ڕۆناڵدینهۆ" دەستپێبکات و لە سەرەتادا به‌شداربووان ده‌توانن له رێگه‌ی سۆشیاڵ میدیا ڤیدیۆ و نماییشه‌كانی خۆیان بنێرن، كه تێیدا هه‌ر ئاره‌زوومه‌ندێك له هه‌ر ته‌مه‌نێكدا بێت ده‌توانێت له‌سه‌ر یه‌كێك له شه‌قامه‌كانی شار و وڵاته‌كه‌ی خۆی به‌هره و لێهاتووه‌كانی تۆمار بكات و پیشانی هه‌موو یانه‌كانی جیهان بدات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی یاریكردنی له یانه باشه‌كانی جیهان بۆ بڕه‌خسێت.
دواتر پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی ڤیدیۆیه‌كان له لایه‌ن لێژنه‌یه‌ك كۆده‌كرێته‌وه و ئه‌وانه‌ی ره‌زامه‌ندی رۆناڵدینیۆ به‌ده‌ستده‌هێنن له چه‌ندان شاری گه‌وره‌ی جیهان بانگهێشت ده‌كرێت و به‌شداریی له كێبڕكێی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ببنه پاڵه‌وانی "خولی سه‌رشه‌قامی رۆناڵدینیۆ"، پاشان براوه‌كان ده‌بنه یاریزان و ئه‌ندام له "تیپی شه‌قامی جیهانی رۆناڵدینیۆ"، كاریان بۆ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی له یانه گه‌وره‌كانی جیهان یاری بكه‌ن.
رۆناڵدینیۆ كه پێشتر دوو خه‌ڵاتی فیفای بۆ باشترین یاریزانی جیهان و خه‌ڵاتێكی باڵۆن دۆری بردووه‌ته‌وه، له باره‌ی ده‌ستپێكی ئه‌م پرۆژه‌یه
هێمای بۆ ئه‌وه كردووه كه ئه‌م خوله نرخێكی گه‌وره‌ی له جیهان ده‌بێت و كاردانه‌وه‌ی زۆرباش له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌نجه‌كان و به‌هره‌مه‌نده‌كان به دوای خۆیدا دێنێت.
رۆناڵدینیۆ كه پێشتر نازناوێكی مۆندیال و نازناوێكی چامپیۆنزلیگی بردووه‌ته‌وه، ده‌شڵێت: پێموایه دەرفەتێکی یەکجارە گه‌وره له رێگه‌ی ئه‌م خوله بۆ پشتگیری گه‌نجه‌كانمان دێته پێش كه ده‌بێته ده‌رفه‌تێكی ده‌گمه‌ن بۆ پشتگیریکردنی یاریزانان له داهاتوو.
ئه‌گه‌رچی هێشتا ورده‌كاری زیاتر له باره‌ی خوله‌كه و كاتی ده‌ستپێكی خوله‌كه بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام رۆناڵدینیۆ له باره‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌م پرۆژه‌یه پەیوەندی بە بریکاری پێشووی وەرزشی ڕۆبێرتۆ دی ئەسیس كردووه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ خانمه بازرگانێك به ناوی سۆفی واتس له گفتووگۆدایه كه ئه‌و ژنە بازرگانه و هاوبەشی دامەزرێنەری خولی ئەفسانەی مایک تایسۆن بووه، رۆناڵدینیۆ داوای كردووه پاڵپشتی بكرێت بۆ دەستپێکردنی خولی شەقامەکان.
