پاپای ڤاتیکان: سەرقاڵی پرۆژەیەکین بۆ گێڕانەوەی ئاشتی لەنێوان ئۆکرانیا و رووسیا
K24 - هەولێر:
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان ئاشکرای دەکات، سەرقاڵی پرۆژەیەکن بۆ گێڕانەوەی ئاشتی لەنێوان ئۆکرانیا و رووسیا، بەبێ ئەوەی وردەکاری پرۆژەکە ئاشکرابکات.
پاپای ڤاتیکان رایگەیاند، هەرچی لەدەستیبێت دەیکات، بۆ گێڕانەوەی ئاشتی بۆ ئەوروپا.
پاپا فرانسیس بڕوای وایە ئاشتی لەرێگەی کردنەوەی رێگاکانی پەیوەندیکردنەوە بەدیدێت، گوتیشی: هەرگیز ناتوانیت ئاشتی لەرێگەی داخستنی رێگاکانەوە بەدیبهێنێت.
پاپای ڤاتیکان داوای لە هەمووان کرد رێگاکانی پەیوەندی بکەنەوە و هاوڕێیەتی دروستبکەن.
پاپا فرانسیس راشیگەیاند، ئامادەیە هەموو شتێک بکات لەپێناو ئاشتیدا، ئێستاش سەرقاڵی کارێکن بۆ گێڕانەوەی ئاشتی، بەڵام دواتر وردەکارییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکات.
لە 24ـی شوباتی 2022 سوپای رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا هێرشی سەربازی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و لەو کاتەوە تا ئێستا شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای ئەو دوو وڵاتەدا بەردەوامە.
بەهۆی لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا، جگە لە گیانلەدەستدانی هەزاران سەرباز و هاووڵاتی سڤیل، ملیۆنان ئۆکرانی ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپی بوون.