کرێکارانی کوردستان یەکەم یادی 1ـی ئایاریان بەبوونی یاسایەکی تایبەت بە مافەکانیان کردەوە
K24 - هەولێر:
بۆ یەکەمجار لە مێژووی حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا، لە 1ـی ئاداری 2023 یاسای کار لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرا.
لە یاساکەدا، ماوەی کارکردنی بە هەشت کاتژمێر لە رۆژ و حەوت کاتژمێر لە شەودا دیاریکردووە و کەمترین مووچەی کرێکاریش بە 450 هەزار دینار دانراوە.
کرێکارانی پیاو لە تەمەنی 60 ساڵی و کرێکارانی ئافرەتیش لە 55 ساڵی کە خزمەتیان بگاتە 20 ساڵ دەتوانن داوای خانەنشینی بکەن، کە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر ئامادەکردنی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کەرتی تایبەت دەکات کە هاوشێوەی کارمەندی حکومی مافی خانەنشینی و مۆڵەتی دایکایەتی و مافەکانی دیکە لەخۆدەگرێت.
دوای پەسەندکردنی یاساکە لە رۆژی 1ـی ئاداری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، یاسای کار رۆڵی گرنگی دەبێت لە دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاران، بەتایبەتی ئافرەتانی کرێکار و نەهێشتنی کارکردنی منداڵان.
بەپێی ئاماری قوربانیانی شوێنی کار لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022ـدا 59 کرێکار و لە چوار مانگی سەرەتای 2023ـش 20 کرێکار گیانیان لەدەستداوە کە زۆرترین قوربانی لە هەولێر و سلێمانی بووە، بەهۆکارەکانی داڕمان، کەوتنەخوارەوە، کارەباگرتن، سووتان و کەوتنەژێر ئامێرەکان.