پلەی 1300 ئەفسەری پێشمەرگە بەرزدەکرێتەوە

هێزەکانی پێشمەرگە - ئەرشیف
هێزەکانی پێشمەرگە - ئەرشیف

K24 – هەولێر:

خشتەی پلە بەرزکردنەوەی 1300 ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ساڵەکانی 2020 و 2021 پەسەندکرا و مەرسومی هەرێمی و رەزامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ دەرچووە و گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، خشتەی مانگەکانی ئادار و ئەیلوولی هەردوو ساڵی 2020 و 2021ـی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە رەزامەندی لەسەر دراوە و گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەت.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەشی بەوەکردووە، ئەو دوو خشتەیە تایبەتە بە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا هاوبەشەکان و هێزەکانی یەکەی حەفتا و هەشتا ناگرێتەوە.

لەبارەی ژمارەی ئەو ئەفسەرانەی پلەکانیان بەرزکراوەتەوە، سەرچاوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ کوردستان24 روونیکردەوە،  نزیکەی 1300 ئەفسەری پێشمەرگە دەبن کە لە مانگەکانی ئادار و ئەیلوول بۆ ساڵەکانی 2020 و 2021 مامەڵەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی پلە سەربازییەکانیان پێشکەشکرابوو.

پێشتریش لە رۆژی (6ی تەممووزی 2022)، دوای رەزامەندی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی 2018 و 2019ی هێزەکانی پێشمەرگە گەڕایەوە وەزارەتی پێشمەرگە.

Fly Erbil Advertisment