له هێرشه‌كه‌ی فه‌ره‌نسا چی روویدا
كاردانه‌وه‌كان چی بوون
K24 – هه‌ولێر
به‌رپرسانی فه‌ره‌نسا پێیان وایه هێرشه‌كه‌ی شاری نیس له باشووری وڵات هێرشێكی تیرۆریستی بوو.
له ناوه‌ڕاستی شه‌وی پێنجه‌شه‌ممه، بارهه‌ڵگرێك به‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه كه‌وت كه بۆ ته‌ماشاكردنی یاری ئاگرینی رۆژی باستیل له شاری نیس له باشووری فه‌ره‌نسا كۆ ببوونه‌وه، 84 كه‌س به‌هۆی ئه‌م هێرشه‌وه كوژراون كه بارهه‌ڵگره‌كه به خێراییه‌كی زۆره‌وه به‌سه‌ر هه‌موویانه‌وه ره‌ت ببوو.
سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، فرانسوا ئۆلاند رایگه‌یاند هێرشه‌كه، كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆیستی بوو.

چی روویدا
شایه‌تحاڵان رایانگه‌یاند ته‌رم له هه‌وا به‌رز ده‌بوونه‌وه، كه بارهه‌ڵگرێكی قۆڕس، له كاتژمێر نزیكه‌ی 10:30 شه‌و به‌سه‌ر هاوڵاتیان له سه‌یرانگه‌ی ئهنگلێ له شاری نیس له باشووری فه‌ره‌نسا به‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه كه‌وت كه بۆ به‌شداریكردن له رۆژی باستیل ( رۆژی نیشتمانی فه‌ره‌نسا) كۆ ببوونه‌وه.
به‌پێی ئه‌و وێنانه‌ی كه لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه تۆماركراون، شۆفێری بارهه‌ڵگره‌كه به شێوه‌ی زیگزایگ خۆی به خه‌ڵك ده‌كشێنێت و كه ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌س ده‌كه‌ونه به‌ر بارهه‌ڵگره‌كه و ته‌رمه‌كانیان به درێژاهیی شه‌قام بڵاو ده‌بنه‌وه.
شۆفێره‌كه هه‌روه‌ها ته‌قه له خه‌ڵك كرد، كه له لایه‌ن پۆلیسه‌وه كوژرا، به‌رپرسانی فه‌ره‌نسا له شاری نیس رایانگه‌یاند بارهه‌ڵگره‌كه ته‌قینه‌وه و چه‌كی قۆرسی باركردووه، وێنه‌كان جامی شكاوی پێشه‌وه‌ی بارهه‌ڵگره‌كه پیشان ده‌ده‌ن، كه به‌هۆی گولـله‌وه كون كون بووه.

هێرشكاره‌كه
زانیاری سه‌باره‌ت به شۆفێری بارهه‌ڵگره‌كه له میدیاكانی فه‌ره‌نسا بڵاو بووه‌وه.
ئاژانسی فرانس پرێس له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی پۆلیس رایگه‌یاند هێرشكاره‌كه هاوڵاتییه‌كی فه‌ره‌نسایه كه به ڕه‌چه‌له‌ك خه‌ڵكی تونسه و ناسنامه‌كه‌ی له‌ناو بارههلگرهكه دۆزراوه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی تر به رۆژنامه‌ی گاردیان رایگه‌یاند هێرشكاره‌كه ته‌مه‌نی 31 ساڵه و دانیشتووی شاری نیسه، هه‌ر ئه‌و شاره‌ی كه هێرشه‌كه‌ی تێیدا ئه‌نجامداوه، هێشتا ئاشكرا نه‌بووه كه كه‌سانی تر به‌شداری هێرشه‌كه بوونه یان نا.

گومانی په‌یوه‌ندی تیرۆریستی
به‌رپرسانی فه‌ره‌نسا هه‌ر به زوویی رایانگه‌یاند هێرشێكی تیرۆریستی بووه. ئاژانسی ئهسوشهیتد پرێس رایگه‌یاند نووسینگه‌ی داواكاری گشتی له پاریس ده‌ست به لێكۆڵینه‌وه كردووه، به ناوی "كوشتن و هه‌وڵی كوشتن كه له لایه‌ن گروپێكی سه‌ر به دامه‌زراوه‌یه‌كی تیرۆریستی رێكخراوه".
هیچ گرووپێك به‌رپرسایه‌تی هێرشه‌كه‌ی به ئه‌ستۆ نه‌گرتووه، به‌ڵام كه‌ناله‌كانی سوشیال میدیای لایه‌نگری رێكخراوی داعش پیرۆزبایی هێرشه‌كه‌یان كرد. دامه‌زراوه‌ی چاودێریكردنی گرووپه تیرۆریستییه‌كان رایگه‌یاند هه‌ردوو رێكخراوی داعش و قاعیده داوایان له ئه‌ندامه‌كانیان كردووه ئۆتۆمبێل وه‌ك چه‌كێك به‌كار بێنن.
هێرشی مانگی كانوونی دووه‌می 2015 بۆ سه‌ر گۆڤاری شارلی ئیبدۆ له پاریس له لایه‌ن لقی یه‌مه‌نی قاعیده ئه‌نجامدرا. زنجیره هێرشه‌كانی مانگی تشرینی دووه‌می پاریس له‌لایه‌ن رێكخراوی داعش ئه‌نجامدرابوون.

قوربانیان
ژماره‌ی قوربانیان هێرشی شاری نیس هێشتا له به‌رزبوونه‌وه دایه. وه‌زیری ناخۆی فه‌ره‌نسا بێرنارد كازانۆف رایگه‌یاند تا ئیستا كوژرانی 84 كه‌س پشتڕاست كراوه‌ته‌وه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوسترالیا جولی بیشۆپ رایگه‌یاند سێ هاووڵاتی وڵاته‌كه‌ی له‌ناو برینداره‌كان دان. كه‌ناڵی فه‌رمی CCTV چین رایگه‌یاند دوو هاوڵاتی چینی له‌ناو ئه‌و 18 بریندارانه دان كه ره‌وشی ته‌ندروستیان ناڵه‌باره.
حاڵه‌تی نائاسایی درێژكرایه‌وه
سه‌رۆك فرانسوا ئۆلاند له وته‌یه‌كدا بۆ خه‌ڵكی فه‌ره‌نسا، هێرشه‌كه‌ی شه‌رمه‌زار كرد و رایگه‌یاند به‌شێك له قوربانیان منداڵن و هێرشه‌كه شی به كرده‌وه‌یه‌كی به "سروشتی تیرۆریستی" وه‌سفكرد.
ئۆلاند، حاڵه‌تی نائاسایی بۆ سێ مانگی تر درێژكرده‌وه، كه پاش هێرشه‌كانی مانگی تشرینی دووه‌می پاریس راگه‌یه‌نرابوو، به‌ڵام چه‌ند رۆژ پێش ئیستا بڕیاری دابووله كۆتایی ئه‌م مانگه حاڵه‌تی ناسایایی هه‌ڵده‌گیرێت.
ئۆلاند له وتهكهیهكدا رایگه‌یاند فه‌ره‌نسا له رۆژی نهتهوهییهكهیهوه كه‌وته به‌ر هێرش كه به رۆژی سیمبوڵی ئازادی ناسراوه.
سه‌رانی وڵاتانی جیهان سه‌باره‌ت به هێرشی شاری نیس بهدهنگهاتوون، به‌كارهێنه‌رانی تویته‌ر به ناوی #PrayForNice هاوخه‌می خۆیان له‌گه‌ڵ قوربانیانی هێرشه‌كه و خه‌ڵكی فه‌ره‌نسا پیشانداوه.
باراك ئۆباما ئاماده‌یی ئه‌مریكا بۆ هه‌ر جۆره یارمه‌تییه‌كی ئه‌مریكا بۆ لێكۆڵینه‌وه و دادگایكردنی ئه‌نجامده‌رانی پیشاندان.
سه‌رۆك وه‌زیرانی ژاپۆن هاوخه‌می خۆی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی فه‌ره‌نسا له‌و كاته سه‌خته‌دا ده‌ربڕی و ئاماده‌ی یارمه‌تیدانه.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له په‌یامێكدا بۆ سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا په‌لاماری تیرۆریستی له رۆژی نیشتیمانی فه‌ره‌نسا به پەلامارێك بۆ سەر پڕەنسیپ و بەهاكانی ئازادیخوازی و یەكسانی و برایەتیی شۆڕشی فەڕەنسا وه‌سف ده‌كات، كە بەها و پڕەنسیپی مرۆڤی و جیهانین.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ده‌ركردنی به‌یاننامه‌یه‌ك هاوخه‌مى و هاوسۆزیى خه‌ڵك و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كه‌سوكار و گه‌ل و سه‌ركردایه‌تیى فه‌ڕه‌نسا پیشان ده‌دات پشتیگری خۆیشی به هه‌موو شێوه‌یه‌ك راده‌گه‌ینێت.
