رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا بەرزدەبێتەوە

K24 – هەولێر

بەگوێرەی ئامارەکان رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بۆ 43.68% بەرزبووەتەوە.

دامەزراوەی ئاماری تورکیا راپۆرتێکی تایبەت بە هەڵاوسان بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، لە مانگی نیساندا ئیندێکسی بەکاربەر بە بەراورد لەگەڵ مانگی رابردوو لە سەدا 2.39 زیادیکردووە، بەو پێیەش رێژەی هەڵاوسان لەو مانگەدا لەسەر ئاستی ساڵ بە 43.68 تۆمارکراوە.

بەپێی راپۆرتەکە، گۆشتی بەرخ لە مانگی نیساندا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە و نرخی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ  لە سەدا 21.47 بەرزبووەتەوە.

لەو راپۆرتەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، لە مانگی نیساندا کارەبا نرخەکەی دابەزیوە و رێژەکەش لە سەدا 15ـیە. لە بەرامبەردا گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان کە بە ئێناگ ناسراوە، لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، رێژەی هەڵاوسان بۆ مانگی نیسان لەسەدا 105.19ـە لە کاتێکدا رێژەکە بە بەراورد بە مانگی ئادار کەمیکردووە، چونکە لە مانگی ئادار رێژەی هەڵاوسان لەسەر ئاستی ساڵ لە سەدا 112.5 بووە.