چۆن رێگه‌ی پێدراوه ئه‌م بارهه‌ڵگره بباته جه‌نجاڵترین شوێنی نیس؟
هاوسه‌ری پێشووی ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ی نیسی فه‌ره‌نسا ده‌ستگیركرا
K24 - هه‌ولێر:
هاوسه‌ری پێشووی محه‌مه‌د بوهیلال، ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ی هه‌رێمی نیس له‌لایه‌ن پۆلیسی فه‌ره‌نساوه ده‌ستگیركرا.
محه‌مه‌د بوهیلال، ئه‌و كه‌سه‌ی هێرشه‌كه‌ی دوێنێ شه‌وی هه‌رێمی نیسی فه‌ره‌نسای ئه‌نجامدا، له بنه‌ڕه‌تدا توونسییه و ره‌گه‌زنامه‌ی فه‌ره‌نسی پێدراوه، پێشتر بارهه‌ڵگره‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامه پارك كردووه و دواتر كاتژمێر 10:30ی شه‌و گه‌ڕاوه‌ته‌وه شوێنه‌كه.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی پۆلیسی هه‌رێمی نیس، پێشتر له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه پێی گوتراوه بۆچی به بارهه‌ڵگره‌وه له‌و شوێنه وه‌ستاوه، به‌ڵام ئه‌و تیرۆریسته به پۆلیسه‌كانی گوتووه: "ئایس كرێم ده‌گه‌یه‌نم".
رۆژنامه‌ی ده‌یلی ته‌له‌گرافی به‌ریتانیا بڵاویكردووه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی پۆلیسه‌كان ده‌ڕۆن، محه‌مه‌د بوهیلال، كاتژمێر 10 و نیو ده‌گه‌ڕێته‌وه لای بارهه‌ڵگره‌كه‌ی و هێرشیكردووه‌ته سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌بۆنه‌ی رۆژی سه‌ربه‌خۆیی فه‌ره‌نسا (باستیل ده‌ی – Bastille Day), له‌و شوێنه ئاهه‌نگییان گێڕاوه.
له ئه‌نجامدا 84 كه‌س گیانییان له‌ده‌ستدا و نزیكه‌ی 200 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون و به‌و هۆیه‌وه حكوومه‌تی فه‌ره‌نسا، به فه‌رمی 3 رۆژی وه‌ك پرسه‌ی سه‌رتاسه‌ری له وڵات راگه‌یاند و ئاڵای ئه‌و وڵاته‌ش له‌سه‌رجه‌م دام و ده‌زگا فه‌رمییه‌كان، تا نیوه داگیرا.
ئه‌مڕۆ 15ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2016، فرانسۆ هۆلاند، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، وێڕای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و ژماره زۆره‌ی قوربانییان، راشیگه‌یاند، نزیكه‌ی 50 كه‌سی دیكه‌ش باری ته‌ندروستییان ناجێگیره و له‌نێوان و مه‌رگ و ژیاندان.
هه‌رچه‌نده هه‌ندێك له میدیا فه‌ره‌نسییه‌كان، ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، رێكخراوی داعش، ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی ئه‌نجام دابێت، به‌ڵام تا ئێستاش هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیارێتی خۆی له ئه‌نجامدان و سه‌رپه‌رشتی كردنی ئه‌و هێرشه، رانه‌گه‌یاندووه و دیاریش نییه جگه له ئه‌نجامده‌ره‌كه، كه دوێنێ شه‌و راسته‌وخۆ دوای هێرشه‌كه، له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه كوژرا, كه‌سی دیكه به‌شدار بووبێت و هاوكاری كردبێت.