ئه‌ستێره‌یه‌كی پاریس به‌هۆی مێسی ده‌یه‌وێت له‌ یانه‌كه‌ بڕوات

ڤیراتی پێیوایه‌ زوڵم له‌ مێسی ده‌كرێت

ماركۆ ڤیراتی و لیۆنێل مێسی
ماركۆ ڤیراتی و لیۆنێل مێسی

مارکۆ ڤێراتی ناوه‌راستكاری ئیتاڵی یانەی پاریس سانجێرمان دڵتەنگە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی یانه‌كه‌ی، به‌هۆیه‌وه‌ بیر له‌ جێهێشتنی پاریس سانجێرمان ده‌كاته‌وه‌، سزایه‌كه‌ی لیۆنێل مێسی وایكردووه‌ ئه‌و یاریزانه‌ هه‌ست به‌ بێهیوایی بكات و داوای له‌ سه‌رۆكی یانه‌كه‌ی كردووه‌ رێگه‌ی رۆیشتنی پێ بدات.

رۆژنامه‌ی لكیپی فه‌ره‌نسا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ڤێراتی بیر له‌ جێهێشتنی پاریس سانجێرمان ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی یانه‌كه‌ی سوورن له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و یاریزانه‌ له‌ پاریس.

سه‌رچاوه‌كه‌ نووسیویه‌تی: ڤیراتی بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ چیتر ناتوانێت له‌ ژووری جلگۆڕینی پاریس چێژ وه‌ربگرێت، چونكه‌ زۆرینه‌ی یاریزانه‌كانی دیكه‌ی هاوكاری به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ ئاره‌زووی به‌ده‌ستهێنانی نازناویان نییه‌، هاوكات رووداوه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی هانده‌رانیش زیاتر وایكردووه‌ ڤیراتی بیر له‌ جێهێشتنی پاریس سانجێرمان بكاته‌وه‌.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی دووپاتکردەوە کە ناسر خلێیفی سەرۆکی یانە پاریسییەکە ڕێگە بە ڕۆیشتنی ڤێراتی نادات کە زیاتر لە 10 ساڵە لە یانەکەدایە، به‌وپێیه‌ی ڤیراتی لە هاوینی 2012 لە یانەی پێسکارای ئیتاڵییەوە پەیوەندی به‌ پاریس سانجێرمان كردووه‌.

لكیپ هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ ئه‌و سووكایه‌تییه‌ی له‌ لایه‌ن هانده‌رانی پاریس به‌ ڤیراتی كراوه‌، له‌گه‌ڵ سزایه‌كه‌ی سه‌ر لیۆنێل مێسی به‌ كارێكی خراپ و نادادپه‌روه‌ر ده‌زانێت، پێیوایه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو یاریزانه‌كانی دیكه‌ ده‌بێت.

به‌ گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، لویس كامپۆس راوێژكاری وه‌رزشی پاریس له‌ دوای پشووه‌كانی جه‌ژنی كریسمس قسه‌ی ناشیرینی به‌ ڤیراتی گوتووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كێشی 4 كیلۆ زیادی كردووه‌، ئه‌مه‌ش ڤیراتی دڵته‌نگ كردووه‌.

لكیپ لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووه‌، مارکۆ ڤێراتی لە ئەگەری ڕۆیشتنی لە پاریس سانجێرمان، چاوەڕێی ئۆفەرێکی سەرنجڕاکێش دەکات لەلایەن خولی سعودیەوە یان لە ئینتەر میامی ئەمریکاوە.

Fly Erbil Advertisment