نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی لە ئامێدی دروست دەکرێت

K24 - ئامێدی
لە قەزای ئامێدی کار لەسەر جێبەجیکردنی نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی دەکرێت، ئەم پڕۆژە تەندروستییە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ناوچەکەیە. پزیشکانیش دەڵێن: بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەیەکی گەورە لەم قەزایە، بۆ نەشتەرگەری نەخۆشەکانمان رەوانەی پارێزگای دهۆک دەکرد.
نەخۆشخانەی ئامێدی، هەرچەندە بینایەکەی بچووکە، بەڵام رۆژانە بە سەدان کەس سەردانی دەکەن، بۆیە پێویستی بە بینایەکی دیکە یان فراوانکردن هەیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش ئاماژە بەوە دەکات، هەندێک جار لە ناچاری نەخۆش رەوانەی دهۆک دەکەن.
د. ئیبراهیم حەسەن، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئامێدی بە کوردستان24ی گوت: "زۆر جار نەخۆشە سەختەکان رەوانەی دهۆک دەکەین".
بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی دانیشتووانی سنووری قەزای ئامێدی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی دروست دەکات، کە پڕۆژەکە بە گوژمەی 44 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت.
ئەحمەد عزەت، ئەندەزیاری پڕۆژەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، پڕۆژەکە لە 23ی حوزەیرانی 2023 کۆتایی پێدێت.