شاندێکی کونسوڵخانەی چین سەردانی کوردستان24 دەکات

K24 – هەولێر
شاندێکی گشتیی کونسوڵخانەی چین بە سەرۆکایەتی لیو ژێنیۆنگ، کونسوڵی گشتی چین بە وەکالەت و چن گۆوجیگ بەرپرسی بەشی سیاسی لە کونسوڵخانەی چین لە هەرێمی کوردستان، سەردانی دەزگای میدیایی کوردستان24یان کرد و ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ کوردستان24.
هەر یەک لە ئەحمەد زاوێتەیی بەڕێوەبەری گشتی و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی بەشەکانی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، پێشوازیان لە شاندی کونسوڵخانەی چین لە هەرێمی کوردستان کرد، لە دیدارێکدا شاندی کونسوڵخانەی گشتی چین جەختیان لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دامەزراوەی میدیایی کوردستان و هاوکاری و هەماهەمگی زیاتر کردەوە.
شاندی کونسوڵخانەی چین بەشە جیاوازەکانی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24یان بەسەرکردەوە و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە بوونی دامەزراوەییەکی لەمشێوەیە لە هەرێمی کوردستان.
کونسوڵی چین بە وەکالەت، راشیگەیاند، ئامادەی هەر هاوکارییەکن بۆ کارکردنی میدیایی لەبارەی وڵاتەکەیان لە رێگەی کوردستان24 وەکو دامەزراوەیەکی گەورەی میدیایی و باوەڕپێکراو.




