قاسم ئه‌عره‌جی: حكومه‌تی عێراق پابه‌نده‌ به‌ رێككه‌وتننامه‌ی شنگال

قاسم ئه‌عره‌جی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق
قاسم ئه‌عره‌جی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق

K24 – هەولێر:

قاسم ئه‌عره‌جی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، له‌میانه‌ی پێشكه‌شكردنی گوتارێك له‌ شه‌شه‌م كۆنفرانسی پڕۆژه‌ی هاووڵاتی بوونی عێراقی له‌ به‌غدا رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌تی عێراق پابه‌نده‌ به‌ رێككه‌وتننامه‌ی شنگال.

ده‌شڵێت: "ئومێده‌وارین هه‌فته‌ی داهاتوو له‌سه‌ر بڕگه‌ گرنگه‌كانی رێككه‌وتننامه‌ی شنگال بگه‌ینه‌ رێككه‌وتن".

ئه‌عره‌جی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، چه‌كداری نایاسایی له‌ شنگال هه‌ن كه‌ ناكۆكن له‌گه‌ڵ رێككه‌وتنه‌كه و پابه‌ندین به‌ دوورخستنه‌وه‌ی ته‌واوی هێزه‌كان، جگه‌ له‌ پۆلیس و سوپا.

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق باسی له‌وه‌شكرد، رێککەوتننامەیەکی واژۆکراو لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە، ئەمە بریارێکی رێزلێگیراوە، حکومەتی عێراق پابەندە بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە، لەوبارەیەوە لیژنەیەک لەلایەن  محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم دۆسیەیە پێکهێنراوە، ئەمڕۆ لە پەیوەندیدابووین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەپێناو چارەسەرکردنی بڕگەیەکی گرنگی نێو رێککەوتننامەی شنگال، هیوامان وایە تا هەفتەی داهاتوو بگەین بە چارەسەری ئەو بڕگەیە کە دەبێتە هۆی چارەسەری زیاتر.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، دەستێوەردان و چەکدار هەن، دژی ریککەوتننامەکەن، سەرەڕای ئەمانە، حکومەتی عێراق پابەندە بە واژووەکەی و سەرجەم ئەو پێشنیازانەی کە پێشکەشیکردووە لەپێناو جێبەجێکردنی رێككه‌وتننامه‌ی شنگال و دوورخستنەوەی سەرجەم هێزە چەکدارەکان جگە لە پۆلیس و سوپای عێراق، کە دەبێت لەو شارەدا هه‌بن.

قاسم ئه‌عره‌جی ئاشكراشیكرد، 2500 کەس لە دانیشتووانی ئەو شارە کە لە کەمپەکانی دهۆک نیشتەجێن، لە قەزای شنگال دادەمەزرێن.

روونیشیكرده‌وه‌، دۆسیەی شنگال یەکێکە لەو دۆسییه‌ گرنگ و هەستیارانه‌ی كه‌ چارەسەری دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی ژمارەیەک کێشەی دیکە، حکومەتی عێراق جدییە لە یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئەم کێشەیە، چونکە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی پرسێکی گرنگی عێراق.