گرووپی هەڵپەڕکێی کەرکووک تابلۆیەکی جەلال سەعید دەبەنە لوبنان

K24 - هەولێر:
گرووپی هەڵپەڕکێی کەرکووک، بە تابلۆکانی دەسماڵێ و جەلال سەعید، بەشدارییان لە چەندین چالاکیی هونەری جیهانی کردووە.
گرووپی هەڵپەڕکێی کەرکووک، ئامادەکاری دەکەن بۆ بەشداریکردن لەڤیستیڤاڵێکی کلتوری لە وڵاتی لوبنان، کە بڕیارە لە 26/8/2023 لە بەیروتی پایتەختی ئەو وڵاتە بە بەشداری 24 وڵاتی عەرەبی و ئەوروپی بەڕێوەبچێت.
لەو بارەیەوە، محەممەد دزەیی، سەرۆکی گرووپەکە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "دوای چالاکییە جۆراوجۆرەکانمان لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوە، تابلۆ رەسەنە کوردییەکان بوونەتە جێی سەرنجی وڵاتانی رۆژهەڵات، بۆیە وەک تاکە تیپی کلتووری لە هەرێمی کوردستانەوە داوەتنامەی بەشداربوونمان لە لوبنان پێگەیشتووە، کە لە پاڵ 24 وڵاتی عەرەبی و ئەوروپی بەشداربین، لەوێدا هونەرەکەی جەلال سەعید و دەسماڵێ پڕ لە رەسەنایەتی بە گەلانی جیهان ئاشنا بکەین".
گوتیشی، "وڵاتانی رۆژئاوا و رۆژهەڵات بە جل و بەرگە کوردییە رەنگاوڕەنگەمان سەرسامن، هەمیشە هەوڵی ئەوەیانداوە فێری هەڵپەڕکێ کوردی ببن، هەروەها هەندێک لە تابلۆکانیشمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ نزیکن، بەهۆی جوگرافیا و کلتووری هاوبەشی نێوانمان".
.jpeg)
.jpeg)
