جۆن کووپەر: کورد هاوبەشێکی متمانەپێکراوی ئەمەریکایە

جۆن کووپەر: ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی پەیوەندی دەستە خوشک له‌گه‌ڵ هه‌ولێر دروستبکەین

جۆن کووپەر, سەرۆکی شارەوانی شاری ناشڤێڵ
جۆن کووپەر, سەرۆکی شارەوانی شاری ناشڤێڵ

K24 - هەولێر:

سەرۆکی شارەوانی شاری ناشڤێڵ رایده‌گه‌یه‌نێت، کورد هاوبەشێکی متمانەپێکراوی ئەمەریکایە و باشترین پەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەیە. هەروەها ده‌شڵێت: هەموو ناشڤێل پشتیوانی لە کورد دەکات لە دڵەوە پێمانخۆشە ئەو پەیوەندییە فراوانتر بکەین.

جۆن کووپەر، سەرۆکی شارەوانی شاری ناشڤێڵ، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، ئێمە دەمانەوێت پەیوەندیەکی بەهێز لەگەڵ هەولێر دروستبکەین و چاومان لەوەیە لە بواری کولتووری، رۆشنبیری و بازرگانی، هەماهەنگی زیاتر دروستبکەین.

هەروەها راشیگەیاند، 25هەزار کورد لە ناشڤێڵ دەژین، ناشڤێڵ چیرۆکی پێکەوە ژیانە، وەک ئەو پێکەوە ژیانەی  کە لە کوردستاندا هەیە، هەروەها کورد هاوبەشێکی زۆر باشن بۆ ئێمە.

جۆن کووپەر، گوتیشی: "هاتوین بۆ ئێرە، بۆ ئەوەی بیانکەین به‌ دەستە خوشکی خۆمان و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ برا کوردەکانمان بچێتە قۆناغێکی دیکە، هەروەها کوردستان هاوبەشێکی مەزنی ئەمەریکایە.

سەرۆکی شارەوانی شاری ناشڤێڵ، باسی لەوەشکرد، ناشڤێڵ بە شاری موزیك و پێکەوه‌ژیان ناسراوه‌، کوردیش بەشێکە لەو پێکەوە ژیانەی ئەمەریکا، پێشمان دەڵێن: "کوردستانی بچووک"، 50 ساڵە کورد لە ناشڤێل دەژی.

روونیکردەوە، خواردنی کوردی لە ناشڤێڵ زۆر بەناوبانگە و تایبەتە، هەروەها فێستیڤاڵێكمان هەیە، هەموو ریستۆرانتەکان کۆدەکرێنەوە و خواردنی کوردی  نمایشدەکرێت.

جۆن کووپەر، گوتیشی: "خواردنی کوردی هەمووی خۆشە، بە تایبەت حەزم لە گۆشتی بەرخ و شیرنیەکانیانە".

سەبارەت بە بەستنی ماسکی ئاڵای کوردستان، جۆن کووپەر، رایگەیاند، "زۆر شانازی دەکەم لە کاتی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، ماسکێکم بەستبوو بە لۆگۆ و ئاڵای کوردستان، ئەو ماسکە زۆر دەنگی دایەوە، من زۆر شانازی بەو کارە دەکەم".

لە بارەی رۆڵ و خزمه‌تی دامه‌زراوه‌یی کوردستان24، سەرۆکی شارەوانی شاری ناشڤێڵ، گوتی: "رۆڵی کوردستان24 رۆڵێکی گرنگە، ئێوە ئێمە بەیەکەوە دەبستنەوە و رێگامان پیشاندەدەن، ئێوە وادەکەن لە رووی پەروەردەیی، کولتووری، گەشت و گوزارەوە زیاتر وابه‌سته‌ی یه‌ك بین.

سەبارەت بە پرسی دەستەخوشکبوون لە نێوان هەولێر و ناشڤێڵ، جۆن کووپەر، ئاماژەی بەوەدا، هەولێر یەکەم وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە دەبێتە دەستە خوشکێکی گرنگی ناشڤێڵ، "بە شانازیەوە ئەوە دەڵێین ئێمە کوردستانێکی بچوکمان هەیە لە ناشڤێڵ".

لەبارەی پلانەکانی داهاتوویان، سەرۆکی شارەوانی شاری ناشڤێڵ، گوتی، خواستمان لەسەر ئەوەیە هێڵی ئاسمانیش هەبێت لە کوردستانەوە بۆ ناشڤێڵ و بە پێچەوانەشەوە، هەروەها پلانمان هەیە کار ئاسانی بۆ کورد بکەین، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانن بێن بۆ ئەمەریکا، هەروەها لە پلانماندایە لە بەشی پۆلیس و لە بەشی ئیدارەدانی شار پۆست بە کوردەکان بدەین و ئه‌وانیش بەشداربن لە بەڕێوەبردنی وڵات.

لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هه‌رێمی کوردستان، سەرۆکی شارەوانی شاری ناشڤێڵ، گوتی: "بە تەواوی ئەمه‌ریکا پاڵپشتی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەمه‌ریکا زۆر پێزانینی هەیە بۆ رۆڵی پێشمەرگە بە تایبەت لە شەڕی دژی داعش، ئێمە دەمانەوێت کوردستان سەرکەوتووبێت پێشبینی داهاتوویەکی زۆر باش لە نێوان واشنتن و هەولێردا دەکەم".

رۆژی (21ـی ئایاری 2022)، شاندێکی پارێزگاری هەولێر لە بارەی پرسی دەستەخوشکبوون لە نێوان هەولێر و ناشڤێڵ، سەردانی شاری ناشڤێڵ لە ئەمەریکا کرد.

دوای گەیشتنی شاندەکە بۆ ئەمەریکا، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ واشنتن ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا وه‌ڵامی زۆر باشیان وه‌رگرتووه‌ و به‌رپرسانی ناشڤێڵیش جه‌ختیان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش زۆر جددین له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌.

هه‌روه‌ها گوتی: له‌ یه‌كێك له‌ كۆوبوونه‌وه‌كاندا له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی شاری ناشڤێڵ به‌ گوتارێك به‌شداربوون و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌رپرسانی ئه‌و شاره‌ به‌و هه‌نگاوه‌ خۆشحاڵبوون و به‌ گه‌رمی پێشوازییان له‌و هه‌نگاوه‌ كردووه‌.

شاری ناشڤیڵ لە ویلایەتی تێنەسی ئەمه‌ریکایه‌، كە بە کوردستانی بچووك ناسراوە و ژماره‌یه‌كی زۆری رەوەندی کورد لەو شارە نیشتەجێن و بووەتە جێی سەرنجی بەرپرسانی شاری ھەولێر، بۆ ئەوەی بۆ پێشكەوتنی شارەكەیان سوود لە ئەزموونی ئه‌و شاره‌ وەربگرن.

Fly Erbil Advertisment