دانیمارک بەشداری لە پڕۆژە بەرگرییە هاوبەشەکانی یەکێتیی ئەورووپادا دەکات

ئاڵای دانیمارک
ئاڵای دانیمارک

K24 - هەولێر

یەکێتیی ئەوروپا رەزامەندی نیشان دا بۆ بەشداری پێکردنی دانیمارک لە پڕۆژە بەرگرییە هاوبەشەکانی کە بە هەماهەنگیی هەمیشەیی بونیادنراو ناسراوە.

کۆنسەی یەکێتیی ئەوروپا رەزامەندی لەسەر ئەو بڕیارە دا کە جەخت لەسەر بەشداری 26ەمین ئەندامی هەماهەنگیی هەمیشەیی بونیادنراو دەکاتەوە.

دانمارک کە ئەندامە لە یەکێتیی ئەوروپا ماوەی 30 ساڵە لە دەرەوەی هەماهەنگیی بەرگریی یەکێتییەکەیە. لە ئەنجامی ئەو گشتپرسییەی یەکی حوزەیرانی 2022 لەو وڵاتە ئەنجام درا، دانمارکییەکان پشتیوانی خۆیان بۆ بەشداریکردنی وڵاتەکەیان لە سیاسەتی بەرگریی و ئەمنی هاوبەشی یەکێتیی ئەورووپا دەربڕی. حکوومەتی دانمارک لە 23ی ئاداری 2023 یەکێتیی ئەوروپای ئاگادار کردەوە لەوەی دەیەوێت بەشداری بکات لە هەماهەنگیی هەمیشەیی بونیادنراو. دوای بڕیارەکەی ئەمڕۆی یەکێتیی ئەورووپا ئەم وڵاتە بووە 26ەمین ئەندام.

لەئێستادا ماڵتا تاکە وڵاتێکی ئەندامە لە یەکێتیی ئەوروپا کە بەشدار نییە لە هەماهەنگیی هەمیشەیی بونیادنراو.

نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێڵ رایگەیاند، جگە لە رەزامەندی دەربڕین لەسەر بەشداری پێکردنی دانمارک لە هەماهەنگیی هەمیشەیی بونیادنراو، هەروەها 11 پڕۆژەی دیکەیش پەسەند کراون و گوتی: "هەماهەنگییەکانمان پێش دەخەین و بەهێزتر دەبین".​​​​​​​