حکومەتی بەریتانیا لەبارەی پێدانی ڤیزا ژمارەیەک رێکاری نوێ دەگرێتە بەر

"چیتر ئەو کەسانەی بۆ خوێندن هاتوونەتە بەریتانیاوە ناتوانن جۆری ڤیزاکەیان بۆ کارکردن بگۆڕن"

K24 - هەولێر:

ماڵپەڕی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی بەریتانیا بڵاویکردەوە، بەمەبەستی رێگریکردن لە زیادبوونی پەنابەری نایاسایی، ژمارەیەک رێکار بەسەر هەڵگرانی ڤیزای خوێندن دەسەپێنن و چیتر ئەو کەسانەی بۆ خوێندن هاتوونەتە بەریتانیاوە ناتوانن جۆری ڤیزاکەیان بۆ کارکردن بگۆڕن.

رێکارە نوێیەکانی حکومەتی بەریتانیا خۆی دەبینێتەوە لە: تەنها ئەو قوتابیانەی دەتوانن ئەندامانی خێزانەکانیان بۆ بەریتانیا بهێنن کە ماوەی ڤیزاکەیان دوو ساڵ کەمتر نییە.

هەروەها حکومەت رێکاری توند بەرامبەر ئەو گروپ و کۆمپانیایانە دەگرێتەبەر، کە بەناوی ڤیزای خوێندنەوە خەڵک بۆ بەریتانیا دەگوازنەوە تا داوای مافی پەنابەری بکەن.