فەرەنسا بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ سنووردار دەکات
K24 - هەولێر:
رەشنووسی پرۆژە یاسایەک لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنساوە پەسەند کرا کە بەکارهێنانی ئینتەرنێت لە منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ سنووردار دەکات.
بە گوێرەی ئەو رەشنووسەی ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا پەسەندیان کردووە، منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ بەبێ رەزامەندی دایک و باوکیان ناتوانن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەژمار دروست بکەن.
یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو یاسایە، بەرەنگاربوونەوەی رق و کینەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە لە ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
لە رەشنووسی پرۆژە یاسایەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ ناچار دەکرێن، مۆڵەت لە دایک و باوکیان وەرگرن تا لە پلاتفۆڕمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتییدا ناویان تۆمار بکرێت.
بەپێی ئەوەش، پێویستە پلاتفۆڕمەکان سیستمێک بەکاربهێنن بۆ دڵنیابوونەوە لە تەمەنی بەکارهێنەران و پشتڕاستکردنەوەی وەرگرتن یان وەرنەگرتنی مۆڵەتی کەسانی بچووک لە دایک و باوکیان.
ئەو پلاتفۆڕمانەی پابەندی یاساکان نابن، بەسەدا یەکی داهاتیان لەسەرانسەری جیهاندا سزای داراییان بەسەردا دەسەپێندرێت.
هاوکات لەگەڵ پڕۆژە یاساکەدا، پلاتفۆرمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی، پەیامی خۆپاراستن بەرامبەر قسەی ناشرین و ستەم لە تۆڕی کۆمەڵایەتییدا بڵاودەکەنەوە.
ئەگەر هاتوو منداڵێکی خوار 15 ساڵ بەبێ رەزامەندی دایک و باوکی لە تۆڕێكی کۆمەڵایەتی هەژماری دروست کرد، ئەوا دایکان و باوکان دەتوانن داوا لە پلاتفۆڕمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە بکەن، هەژماری منداڵەکەیان هەڵپەسێرێت.