نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 300 هەزار کەس لە سوودان هەڵاتوون

ئاوارە سوودانیەکان
ئاوارە سوودانیەکان

K24 - هەولێر

کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە 300 هەزار کەس لە سوودان بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵاتوون.

فیلیپۆ گراندی، کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی، لە چەند رۆژی رابردوودا زۆرێک لە پەنابەران کە لە شەڕ و ململانێکانی سوودان هەڵدێن، چوونەتە وڵاتانی چاد و میسر.

گراندی ئاماژەی بەوەشکرد، “پێویستمان بە سەرچاوەی زیاترە بۆ پشتگیریکردنی ئەو وڵاتانانەی میوانداری پەنابەرەکانیان کردووە.

سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بەڵام دانیشتووانی ئەو شارە دەڵێن، دەنگی تۆپ و تەقە لە ناوچەکانی پایتەختی سوودان دەبیسترێت. هەروەها ئاگربەستەکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چاودێری دەکرێت، تاڕادەیەک ئارامییەکی رێژەیی هەیە.

لە 15ی نیسانەوە شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەری هەڵداوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار کەس کوژراون و بەهەزارانیش برینداربوون و زیاتر لە 300 هەزاریش ئاوارەبوون.