300 دەریاچەی ماسی لە عێراق وشک دەکرێن

K24 - هەولێر

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق وشکردنی زیاتر لە 297 دەریاچەی ماسی لە ئیسحاقیەی راگەیاند.

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، سەبارەت بە تێکدانی ئەو دەریاچە ماسییانەی کە بە پێشێلکاری دامەزراون، ئۆپەراسیۆنی تێکدانی ئەو دەریاچانە بۆ پاراستنی حەوزەی رووباری دیجلە بەردەوامە.

ئەحمەد دانان عەباس، بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی ئیسحاقییە، گوتی: "کارەکان لەلایەن ستافی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە بەردەوامن بۆ لابردن و چۆڵکردنی دەریاچەکانی ماسی بێ مۆڵەت لە دوجەیل و تارمیە". ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆی 616 دەریاچە، 297 دەریاچە وشککراون، کارکردن لەو دەریاچانەی ماونەتەوە بەردەوامە.

روونیشیکردەوە، ئەم رێوشوێنانە بۆ ئەوەیە تا دڵنیابن لەوەی کە ئاو دەگاتە هەموو سوودمەندبووەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، هەروەها دەبێت سامانی ئاو بپارێزن و رووبەڕووی کاریگەرییەکانی کەمی ئاو ببنەوە. ئەوەشی خستەڕوو، کارەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و کارەبا و بە پشتیوانی هێزە ئەمنییەکان ئەنجام دراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، فەرمانبەرانی وەزارەت لە  ئیسحاقییە بەردەوامن لە لابردنی هەموو پێشێڵکاری و زێدەڕۆییەک.