تاڵیبان رێگە بە ئێران نادات پشکنینی بەنداوەکان بکەن

رووباری هیرمەند لە ئەفغانستان
رووباری هیرمەند لە ئەفغانستان

K24 - هەولێر:

شیر محەمەد عەباس، جێگری وەزیری دەرەوەی تاڵیبان، رایگەیاند، رێگە بە تیمی تەکنیکیی ئێرانی نادات پشکنین لە ئاستی ئاوی بەنداوەکانی ئەفغانستان بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پابەندی ئەو رێککەوتنە دەبن کە لە ساڵی 1973 لە نێوان ئەفغانستان و ئێران سەبارەت بە دابەشکردنی ئاو واژوو کراوە و راشیگەیاند، وشکەساڵی و کەمیی ئاو کێشەیەکی جیهانییە و لەبەرئەوه‌ نابێت ئێران ئەم کێشەیە گەورە بکاتەوە و جەختی لە گرنگیی چارەسەری کێشەکان بە دیالۆگ کردەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، بەرپرسێکی تاڵیبان لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت کە لە لێواری حەوزێکی ئاودا دەبەیەکی بەدەستەوەیە و دەڵێت "هەرچەندە خۆمان ئاوی پێویستیمان نییە بەڵام دەمەوێت ئاو بدەم بە ئێران". ئەمەش وەک گاڵتەپێکردنێک بە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکى کۆماری ئیسلامی ئێران کە پێشتر زمانى هەڕەشەئامێزى بەکارهێنابوو.

دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران قسەکانی بەرپرسەکەی تاڵیبانی “بە توندی رەتکردەوە” سەبارەت بە نەبوونی ئاوی پێویست لە رووباری هیرمەند (هێلمەند بە ئەفغانی).