ئۆکرانیا: بەرپەرچی هێرشێکی گەورەی رووسیامان داوەتەوە لە کیێڤ
K24 - هەولێر
سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، کە بەرگرییە ئاسمانییەکانیان هێرشێکی گەورەی رووسیایان بەرپەرچداوەتەوە، کە لە هێرشەکەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەکارهێنابوو بۆ سەر کیێڤ، دەشڵێت، لەم مانگەدا ئەمە دوانزەهەمین هێرشی لەم جۆرەیە بۆ سەر پایتەخی ئۆکرانیا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی ئایاری 2023، سێرگی پۆپکۆ، سەرۆکی ئیدارەی مەدەنی و سەربازی لە کیێڤ، لە پلاتفۆڕمی "تێلێگرام" نووسیویەتی، رووسیا دیسانەوە لە ئاسمانەوە هێرشی کردەوە سەر کیێڤ، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەم هێرشە گەورەیە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران ئەنجامدراوە لە جۆری"شەهید".
ئەو بەرپرسە ئۆکرانییە جەختی لەوە کردەوە، بەهۆی بەرگرییە ئاسمانییەکانمانەوە هەموو ئەو هێرشانە بەرپەرچدراونەتەوە، گوتیشی، ئەم هێرشە دوانزەهەمین هێرشە کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا کیێڤی کردبێتە ئامانج. کە نزیکترین هێرشیش چوار رۆژ لەمەوبەر بووە.
بەگوتەی دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا، دوێنێ شەو شارەکانی تری ئۆکرانیا کەوتوونەتە بەر هێرشی ئاسمانی رووسیا، بەتایبەتی خارکیڤ رۆژهەڵات و چێرنیڤتسی رۆژئاوا.