نەتەوە یەکگرتووەکان: جگە لە گفتوگۆ هیچ چارەسەرێک بۆ دۆخی سوودان نییە
K24 - هەولێر:
نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سودان دەڵێت، جگە لەگفتوگۆ هیچ چارەسەرێکی دیکە بۆ سوودان نییە و هەموو لایەک ئەمە دەزانن.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، فۆڵکەر پێرێس نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سودان راشیگەیاند، هەریەکە لە عەبدولفەتاح بورهان و محەمەد حەمدان دەقلو هەستییان بەو راستیە کردووە، کە جگە لەمێزی دانوستان هیچ رێگەچارەیەکی دیکەیان نییە.
باسی لەوەشکرد، هەردوو لایەنی شەڕەکە وایان بیرکردەوە، لەماوەیەکی کەمدا سەرکەوتن بەدەستدەهێنن و کۆتایی بەشەڕەکە دەهێنن، بەڵام هەڵەبوون.
ئەمە لەکاتێکدایە، 24ی ئەم مانگە، لایەن بەشەڕهاتووەکانی سوودان بۆ ماوەی حەوت رۆژ ئاگربەستی مرۆییان واژۆکرد، بەڵام لەخەرتومی پایتەخت و هەرێمی دارفۆر هێشتا بەشێوەی پچڕپچڕ پێکدادان بەردەوامە.
بەپێی ئاماری کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ململانێکان بووەنەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 843 هەزار کەس لە ناوخۆی سوودان و هەروەها نزیکەی 250 هەزار کەسیش بۆ وڵاتانی دراوسێ هەڵاتوون.
لە بەیانی 15ـی نیسان، لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.