ئیخلاس دلێمی: گۆڕانکارییەکانی بودجە نادەستوورییە و پێشتر رێککەوتنی ژێربەژێری بۆ کرابوو
K24 - هەولێر:
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو گۆڕانکارییانەی دوێنێ لەلایەن عەسایبی ئەهلی هەق و یەکێتی و چەند لایەنێکی دیکەوە ئەنجامدرا دژی بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و رێککەوتنی نێوان هەولێر بەغدایە.
ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەوڵی کاتژمێر 8ـی کوردستان24 رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وابڕیاربوو بابەتەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەسەر نەکرێت، چونکە دواخرابوو بۆ کاتێکی دیکە، بەڵام دواتر کاتێک هاتینە ناو هۆڵی کۆبوونەوە بینیمان بابەتەکە گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و هەموارکراوەتەوە، لەلایەن نوێنەرانی عەسایبی ئەهلی هەق و یەکێتی، کە ئەو دوو لایەنە پێشنیازی ئەو بابەتەیان کردبوو.
هەروەها راشیگەیاند، ئێمە ناڕەزایەتیمان دەبڕی و گوتمان ناکرێت بەو شێوەیە لەسەر پێشنیازەکە بڕۆن، لەبەرئەوەی پێویستە سەرەتا رێککەوتن هەبێت دواتر کۆبوونەوە رێکبخرێت بۆ گفتوگۆکردن و بڕیاردان.
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوو و لایەنە سوننییەکان بایکۆتی ئەم کۆبوونەوەیان کرد، بەڵام یەکێتی و عەسایبی ئەهلی هەق و نوێنەرانی هەندێک لایەنی دیکە، پێکەوە پێشنیازەکانیان دژی هەرێمی کوردستان پەسەندکرد.
ئیخلاس دلێمی باسی لەوەشکرد، "کاتێک نوێنەرانی یەکێتیم بینی پێشنیازێکی لەو شێوەیەیان کردووە، تووشی سەرسوڕمانبووم، چونکە دژی خواستەکانی خۆت چۆن رێککەوتن دەکەیت، ئەو رێککەوتنە بەدەر لەوەی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە، تەنانەت لە بەرژەوەندی یەکێتیش نییە".
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، روونیکردەوە، ئەو پێشنیازانەی کراوە لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک، هەناردەکردنی نەوت و پاشەکەوتی مووچە کورتهێنان لە بودجەدا دروستدەکات.
هەروەها گوتی، بابەتێک لەلایەن یەکێتی پێشنیازکراوە ئەگەر هەرێم پابەندنەبێت بە رێککەوتن، ئەو کاتە بەغدا لەگەڵ پارێزگاکان بە جیا مامەڵە بکات، بەواتای ئەوە دێت یەکێتی دەیەوێت شاری سلێمانی هەروەک پارێزگایەکی عێراق مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و نایانەوێت شاری سلێمانی لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئیخلاس دلێمی، روونیکردەوە، گەلی کوردستان ئەو هەموو ساڵە تێکۆشانی کردووە بۆ ئەوەی شایستە دەستوورییەکانی دەستکەوێت لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان، چۆن دەبێت سازش لە مافە دەستوورییەکان بکرێت، بەڕاستی ئەم حاڵەتە شتێکی نامۆیە کە بۆچی برایانی یەکێتی دژی هەرێمی کوردستانن.
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، جەختی لەوەکردوە، گەلی کوردستان ئاگاداردەکەینەوە جارێکی دیکە دەنگدان دەکرێتەوە لەسەر ئەو رەشنووسە کە ئەو دوو لایەنە لەسەری رێککەوتوون هەڵدەوەشێنەوە و جێبەجێناکرێن، چونکە بە دڵنیاییەوە ئەو ماددانە دژی رێککەوتنی نێوان هەولێر بەغدان.
لە درێژەی قسەکانیدا، ئیخلاس دلێمی، ئاماژەی بەوەکرد، فشارێکی سیاسی دژی پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، ئێمە نامانەوێت قوتی گەلی کوردستان بکەوێتە ژێر کاریگەری ئەم ناکۆکییە، ئەو ماددانەی کە خرانە دەنگدان، ئێمە نارەزایەتیمان دەربڕی لەسەری، چونکە دەستووری نین.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، "ئێمە نامانەوێت هەرێم وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، چونکە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستووری عێراقە و خوێنێکی زۆر لەپێناو ئەو قەوارەیەدا رژاوە تا بەم رۆژە گەیشتووە، پێم سەیرە چۆن دەکرێت دەستبەرداری خوێنی شەهیدانبن کە هەرێمی کوردستان وەک پارێزگایەکی عێراق مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".
هەروەها راشیگەیاند، "ئەم گۆرانکارییە چاوەرواننەکراوەی دوێنێ ئەنجامدرا، پێموایە لە پشتییەوە پاڵنەری سیاسی هەیە، هەروەها ئەمەی روویداوە دیراسەکراو نەبووە، تەنها بۆ رازیکردنی لایەنێک بووە، سوودی ئەم هاوپەیمانییە چییە ئەگەر هاتوو رێککەوتنە سیاسییەکان جێبەجێنەکرێت".
دوێنێ پێنجشەممە پهیامنێری كوردستان24 له بهغدا رایگهیاند: لیژنهی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له درێژهی كۆبوونهوهكانیدا دهنگی لهسهر هەردوو ماددەی 13 و 14ـی کە تایبەتە بە پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، هاوكات ئەندامێکی لیژنەی دارایش بە کوردستان24ـی راگەیاند، وادەی پەسەندکردنی بودجە دیار نییە.