واشنتن گرووپی ڤاگنەر تۆمەتبار دەکات بە دابین کردنی مووشەک بۆ هێزەکانی حەمیدەتی
K24- هەولێر
ئەمەریکا سەرۆکی گرووپی سەربازی "ڤاگنەر"ی رووسیا لە مالی تۆمەتبار دەکات، بەوەی کاردەکەن بۆ بەدەستهێنانی کەرەستەی سەربازی، بۆ ئەوەی لە ئۆکرانیادا بەکاریبهێنن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، سزای بەسەر سەرۆکی "ڤاگنەر" لە وڵاتی "مالی"، ئیڤان ئەلێکساندرۆڤیچ ماسلۆڤ دا سەپاندووە، ئەمەش دوای ئەوەی بۆی دەرکەوتووە کە کارمەندانی گرووپەکە هەوڵیانداوە لە رێگەی مالیەوە کاربکەن بۆ بەدەستهێنانی کەرەستەکانی وەک "مین و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و رادار و سیستەمی دژە تۆپ" بۆ بەکارهێنیان لە ئۆکرانیا، ئەمەش بە هەماهەنگییەکی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی مالی.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، گرووپی ڤاگنەری تۆمەتبار کرد، بەوەی کە مووشەکی ئاسمانی بۆ هێزەکانی پشتیوانی خێرای سوودان دابین دەکات، ئەمەش توانا سەربازیەکانی ئەوهێزە لە شەڕی دژی سوپای سوودان بەرزدەکاتەوە.
دیپلۆماتکارانی رۆژئاوایی لە خەرتوم لە ساڵی 2022 رایانگەیاندبوو، کە ڤاگنەر لە سوودان دەستی لە کانگاکردنی زێڕی نایاساییدا هەبووە و زانیاری ناڕاست بڵاودەکاتەوە.
محەممەد حەمدان دەگلۆ، ناسراو بە"حەمیدەتی" فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، پێشتر رایگەیاندبوو، کە ئامۆژگاری سوودانی کردووە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڤاگنەر بپچڕێنێت، چونکە ئەمەریکا سزای بەسەردا سەپاندووە. ئەو گرووپەش لە 19ی نیسانی ئەمساڵدا رایگەیاندبوو، کە چیتر چالاکیەکانیان لە سوودان. ئەنجام نادەن.
شەڕەکەی سوودان لە 15ی نیسانەوە لەنێوان هەردوولا سەریهەڵدا، بەهۆیەوە زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار کەس ناچارکراوە وڵات بەجێبهێڵن.
لە کاتێکدا تا ئێستا حکومەتی مالی هیچ وەڵامێکی ئەو تۆمەتانەی ئەمەریکا نەداوەتەوە، گەنجینەی ئەمەریکا دەشڵێت: ماسلۆڤ کۆبوونەوەکانی نێوان دامەزرێنەری گروپەکە، یڤگنی پریگۆژین و بەرپرسانی حکومەتی چەند وڵاتێکی ئەفریقییش رێکدەخات. ئەمەریکاش سەروەت و سامانی ماسلۆڤ لە ئەمەریکا بلۆک دەکات و رێگری لە ئەمەریکییەکانیش دەکات کە بازرگانی لەگەڵدا بکەن.
ماتیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، هۆشداری دا کە ڤاگنەر بەدوای گواستنەوەی کەرەستەی سەربازییە لە رێگەی مالیەوە، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و بە "فێڵ" ناوی برد.
برایان نێڵسن، وەکیل وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بۆ کارووباری تیرۆر و هەواڵگری لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "بوونی گروپی ڤاگنەر لە کیشوەری ئەفریقا نوێنەرایەتی هێزێکی ناسەقامگیرکەر دەکات بۆ هەر وڵاتێک کە رێگە بدات گروپەکە لەسەر زەویەکانی بڵاوببێتەوە.