ئه‌ندازیاری كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا بناسه
به هاوكاری 45 ئه‌فسه‌ری دیكه ئه‌نجوومه‌نی ئاشتی دامه‌زراند
K24 - هه‌ولێر:
خولسی ئاكار، سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای توركیا، پێشبینی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد، راوێژكاره‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری هه‌وڵی كوده‌تای سه‌ربازی بدات، به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ره‌تا له‌وه‌وه ده‌ستپێبكات و دواتریش به‌سه‌ر حكوومه‌ت له‌و وڵاته‌دا.
ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌نادۆڵو، دوای شكستهێنانی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه بڵاویكرده‌وه، كۆلۆنێل موحه‌ره‌م كوسا، راوێژكاری سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای توركیا، ئه‌ندازیاری كوده‌تاكه و سه‌رپه‌رشتیاری دامه‌زراندنی "ئه‌نجوومه‌نی ئاشتی" كردووه، كه راگه‌یه‌ندراوی كوده‌تاكه‌ی نووسیوه و له كه‌ناڵی فه‌رمی حكوومه‌تی توركیا (TRT HEBER)، خوێندرایه‌وه.
موحه‌ره‌م كوسا راوێژكاری یاسایی سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای توركیا بوو، به هاوكای 45 ئه‌فسه‌ری پله به‌رزی سوپا، ئه‌نجوومه‌نێكیان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، به‌ناوی "ئه‌نجوومه‌نی ئاشتی" دامه‌زراند و له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌شدا هاتبوو كه ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه وڵات به‌ڕێوه‌ده‌بات.
رۆژنامه‌ی "ئاكشام" بڵاویكردووه‌ته‌وه، محه‌مه‌د كوسی، سه‌ر به گرووپی خزمه‌ته، كه فه‌تحوڵڵا گویله‌ن سه‌رۆكایه‌تییان ده‌كات.
دادگای توركیا، پێشتر موحه‌ره‌م كوسای خستووه‌ته ژێر چاودێری، ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌گه‌ڵیدا، به‌و پێیه‌ی په‌یوه‌ندی به پلاندانانی كوده‌تای سه‌ربازی ساڵی 2003ه‌وه هه‌بووه، كه به پلانی "بیلوز" ناسراوه.
دوای نزیكه‌ی 5 ساڵ و 3 مانگ، دادگا بڕیاریدا، موحه‌ره‌م كوسا له ژێر چاودێری ده‌ربهێنرێت، دواتریش وه‌ك راوێژكاری یاسایی سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای توركیا ده‌ستی به‌كاركردن كرد، تاكو ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌ر له‌و كوده‌تایه‌ی دوێنێی شه‌وی 15/16ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2016، ده‌ستی له‌كاره‌كه‌ی كێشاوه‌ته‌وه.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا، به‌رده‌وام گرووپی خزمه‌تی سه‌ر به فه‌تحوڵڵا گویله‌ن به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات، كه سه‌رجه‌م جومگه‌كانی دادوه‌ری توركیایان گرتووه، به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "ئاشكام"ی توركیا، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه، محه‌مه‌د كوسا، ئه‌ندازیاری كوده‌تاكه‌ی دوێنێ شه‌و، له لێكۆڵینه‌وه‌كانی ساڵی 2003، ده‌ربازی بووه.
سایتی "ئۆده تی ڤی" نووسیویه‌تی: "له ساڵی 2003 چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك پێشكه‌ش به دادگا كرا و تێیدا بێتاوانی موحه‌ره‌م كوسای سه‌لماندووه له هه‌وڵی كوده‌تای بیلوز و هه‌ندێك به‌ڵگه‌نامه‌ی دیكه‌ی ساخته له‌لایه‌ن گرووپی خزمه‌ته‌وه پێشكه‌شی دادگا كراوه، بۆ ئه‌وه‌ی كوسا وه‌ك بێ تاوان نیشان بده‌ن و له لێكۆڵینه‌وه‌كانی دادگا رزگاری بكه‌ن".