رووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر کیێڤ
K24 - هەولێر
سەرۆکی شارەوانی کیێڤ، رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی بەرفراوانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی رووسیا بۆسەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا هاووڵاتییەکی مەدەنی کوژرا.
ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانی کیێڤ، گوتی: شەوی رابردوو، لە ئەنجامی هێرشێکی بەرفراوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رووسیا بۆ سەر شاری کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا، "ژنێکی تەمەن 35 ساڵ گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، پیاوێکی تەمەن 41 ساڵیش گیانی لەدەستداوە".
کلیچکۆ ئاماژەی بەوەدا، "سیستەمی بەرگری ئاسمانی کیێڤ زیاتر لە 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستە خوارەوە، دواتریش دانیشتوانی پایتەخت ئاگادار کرانەوە، کە لە پەناگەکاندا بمێننەوە چونکە هێرشەکە چڕ و فراوانە".
سەرۆک شارەوانی کیێڤ دەشڵێت: ئاگر لە بارەگای کۆمپانیایەک لە ناحیەی هۆلۆسیڤسکی کەوتووەتەوە. هەروەها هێزەکانی رووسیا لە سەرەتای مانگی ئایارەوە کیێڤیان کردووەتە ئامانج.
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رووسیا بۆ ئۆکرانیا چەند هێندە زیادی کردووە.