سعوودیە باڵیۆزخانەی خۆی لە سووریا دەکاتەوە
K24 - هەولێر
تیمێکی تەکنیکی سعوودیە گەیشتنە دیمەشق، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی کردنەوەی باڵیۆزخانەی خۆیان لە سووریا.
رۆژی شەممە،27ی ئایاری 2023، تیمێکی تەکنیکی سعوودیە بە سەرۆکایەتی غازی بن رافع ئەلعەنزی وەزیری دەسەڵاتدار لە وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە گەیشتنە دیمەشق، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی کردنەوەی باڵیۆزخانەی سعوودیە لە پایتەختی سووریا، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی بڕیاری دەستپێکردنەوەی کارەکانی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی سعوودیە لەو وڵاتە.
د.ئەیمەن سوسان، جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا و عەنفوان نائیب، بەرپرسی مەراسیمەکانی وەزارەت لەگەڵ شاندی تەکنیکی سعوودیە کۆبوونەوە.
پێش راگەیاندنی سعوودیە بۆ دەستپێکردنەوەی رێکارەکانی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی خۆی لە دیمەشق، لە 18ی نیسانی رابردوودا، بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا پێشوازی لە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە کرد.
هەروەها دوای نزیکەی 12 ساڵ دابڕان، دیمەشق ئەندامێتی خۆی لە کۆمکاری عەرەبی وەرگرتەوە لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا کە ئەنجومەنی کۆمکاری لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە لە قاهیرە بڕیاری لەسەردا.
پێشتر وەزیرانی دەرەوەی ئوردن، میسر و عێراق بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنی کیشەکانی سووریا گەڕانەوەی بۆ باوەشی عەرەب و مەرجەکانی ئەو گەڕانەوەیە،کۆبوونەوە، دواتر لە 19ی ئایاردا، بەشار ئەسەد بەشداری لە لوتکەی عەرەبی کرد، کە لەلایەن سعوودیەەوە میوانداری کرا.
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەنقەرە هەوڵدەدات پەنابەرە سوورییەکان بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادایە، نەک تەنها بۆ ئەو ناوچانەی کە ئۆپۆزسیۆن کۆنترۆڵی کردوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەڕانەوەکە بە شێوەیەکی سەلامەت دەبێت، نەک تەنها بۆ ناوچە ئارامەکان لە باکوری سووریا و بۆ ئەمەش دانوستانمان لەگەڵ دیمەشق دەستپێکردووە".