ئۆکرانیا: زیاتر لە 40 مووشەکی رووسیامان لە هێرشێکی ئاسمانیدا تێکشکاند
K24 - هەولێر
سوپای رووسیا هێرشی ئاسمانیی کردە سەر کیێڤ پایتەختی ئۆکرانیا و هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیاش دەڵێت، زیاتر لە 40 مووشەکیان لە ئاسمان تێکشکاندووە.
ئیدارەی سەربازیی شاری کیێڤ رایگەیاند، سوپای رووسیا دووبارە هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر کیێڤی پایتەخت.
ئیدارەی سەربازیی کیێڤ لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی ئایاری 2023، هێزەکانی رووسیا مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان ئاراستەی کیێڤ کردووە، ئەوەش 15مین هێرشی ئاسمانییە لە مانگی ئایاردا کرابێتە سەر شارەکە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە، زیاتر لە 40 مووشەک لەلایەن هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیاوە لە ئاسماندا تێکشکێندراون.
ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانی کیێڤ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوی کردەوە، پارچەی هەندێک لە مووشەکە تێکشکێندراوەکان لە چەند ناوچەیەکی شار کەوتوونەتە خوارەوە، بەو هۆیەشەوە زیان کەوتووەتەوە.