ئێمباپێ: سووپاسی مێسی ده‌كه‌م زۆر یارمه‌تی دام

كلیان ئێمباپێ هێرشبه‌ری فه‌ره‌نسی پاریس سانجێرمان
كلیان ئێمباپێ هێرشبه‌ری فه‌ره‌نسی پاریس سانجێرمان

کیلیان ئێمباپێ دوای بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی خولی فەرەنسی لەبارەی داهاتووی خۆیەوە دووپاتیکردەوە وەرزی داهاتوو لە پاریس سانجێرمان بەردەوام دەبێت و رەتیشیکردەوە لەبارەی خەونی یاریکردنی لە ریال مەدرید هیچ بڵێت، گوتیشی: سووپاسی مێسی ده‌كه‌م زۆر هاوكاری كردووم.

كلیان ئێمباپێ هێرشبه‌ری پاریس سانجێرمان له‌ لێدوانێكدا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ به‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پاریس سانجێرمان پابه‌ند ده‌بێت، گوتیشی: وه‌رزی داهاتووش هه‌ر له‌ پاریس ده‌بم، دڵخۆشم بەوەی بوومە یەکەم یاریزان چوار جار لەسەریەک ئەم خەڵاتە ببەمەوە، دڵخۆشم بەوەی ناوی خۆم لە مێژووی تۆپی پێی وڵاتەکەم نووسییەوە.

ئێمباپێ ده‌شڵێت: من هەمیشە ئامانجم ئەوەیە ناوم نەمرێت و لە بیرەوەری هەمووان ناوی خۆم بهێڵمەوە، راستە دەنگۆ و پڕوپاگەندەیەکی زۆر لەبارەی داهاتووی منەوە دەکرێن، بەڵام من دڵخۆشم بەوەی ساڵێک لەمەوبەر گرێبەستەکەم لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێکردەوە و من وەرزی داهاتوو هەر لە پاریس دەمێنمەوە و هێشتا گرێبەستەکەم ماوە و پابەندم بە گرێبەستەکەم، وەرزی داهاتوو لە پاریس سانجێرمان بەردەوام دەبم.

هێرشبه‌ره‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌ گوتیشی: من نامەوێت لەبارەی ئەوەی پێشتر گوتومە یاریکردن لە ریال مەدرید خەونی منداڵی منە هیچ بڵێم، ئێستا لێرەم بۆ ئەوەی قسە لەبارەی خەڵاتەکەم بکەم، نامەوێت هیچی دیکە بڵێم، هه‌روه‌ها سووپاسی لیۆنێل مێسی ده‌كه‌م كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ زۆر هاوكاری كردم.

کیلییان ئێمباپێ گرەوەکەی لە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی تانگۆ بردەوە و لەلایەن دەستەی یاریزانە پیشەگەرەکانی فەرەنسا بە باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی خولەکە دیاریکرا کە چوارەم وەرزە لەسەریەک ئێمباپێ ئەم خەڵاتە دەباتەوە.
ئێمباپێ لەم وەرزە توانی 28 گۆڵ لە لیگ وەن بکات و شەش گۆڵیشی دروست کردووە و گەڕێکیش لە خولەکە ماوە.
لەلایەن خۆیەوە مێسی توانیویەتی 16 گۆڵ و 16 ئەسیست بکات و لەگەڵ پاریس سانجێرمان ناسناوەکەیان یەکلایی کردەوە.
لەلایەن خوۆیەوە نونو مێندێز یاریزانی بەرگری چەپی سانجێرمان خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی بەدەستهێنا و برێس سامبای گۆڵپارێزی لانس کە بەمدواییە بانگهێشتی هەڵبژاردەی فەرەنسا کرا بە باشترین گۆڵپارێزی ئەم وەرزەی لیگ وەن دیاریکرا.
لە هەمان کاتدا فرانک ئیز راهێنەری لانس کە توانیان لەم وەرزە پلەی دووەم ببەنەوە خەڵاتی باشترین راهێنەری پێدرا.
باشترین پێکهاتەی ئەم وەرزەی لیگ وەنیش دیاریکرا و لە ریزەکانی سانجێرمان جگە لە مێسی و ئێمباپێ، ئەشرەف حەکیمی لە پێکهاتەکە دەبینرێت.