سۆمۆ داهاتی هەناردەکردنی نەوتی عێراقی بۆ سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ ئاشکرا کرد

K24- هەولێر
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" رایگەیاند، داهاتی نەوت لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 30 ملیار دۆلار، ئاماژەی بەوەشکرد، مانگانە بەبەردەوامی زیاتر لە 98 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەکراوە.
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" ئەمڕۆ سێشەممە،30ی ئایاری 2023، رایگەیاند "کۆی هەناردەکردنی نەوت بۆ سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵی 2023، گەیشتە 393 ملیۆن و 48 هەزار و 679 بەرمیل نەوت" گوتیشی، "رێژەی هەناردەکردنی مانگانە گەیشتووەتە 98 ملیۆن و 262 هەزار بەرمیل، بە رێژەی 3 ملیۆن و 275 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا".
بەگوێرەی ئەو داتایەنەی کۆمپانیای سۆمۆ، "داهاتی فرۆشتنی نەوتی خاو گەیشتە 29 ملیار و 932 ملیۆن و 167 هەزار دۆلار، بە رێژەی 7 ملیار و 483 ملیۆن و 41 هەزار دۆلار لە مانگێکدا.
ڕاگەیاندنی داهاتی نەوتی عێراق هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییەکانی ئابووریناسان لەسەر مەترسی دامەزراندنی نوێ لە دامەزراوەکانی حکومەتدا، کە لە چەند مانگی رابردوودا زیاتر لە 600 هەزار هەلی کاری تێپەڕاندووە.
عێراق مانگانە پێویستی بە 6 ملیار دۆلار هەیە بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی کارکردن، کە مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سوپا و دەزگا ئەمنییەکان و هەروەها تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی و خانەنشینان دەگرێتەوە.
لە کۆتایی ساڵی 2020 دا، عێراق کورتهێنانێکی گەورەی دارایی بەخۆیەوە بینی کە بووە هۆی ئەوەی حکومەت مووچەی فەرمانبەران دوابخات بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی خۆی