گرووپێكی چەكدار دەست بەسەر چەند بنكەیەكی پۆلیسی یەریڤان دا دەگرن

باس لە كودەتای سەربازی دەكرێت

K24 - ھەولێر

گرووپێكی چەكدار دەستیان بەسەر چەند بنكەیەكی پۆلیسی یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا داگرتووە.

بە گوێرەی زانیارییەكان گرووپێكی چەكدار دەستیان بەسەر چەند بنكەیەكی پۆلیس لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا داگرتووە و چەند كەسێكیان بە بارمتە دەستگیركردووە، تا ئێستا كەسێك كوژراوە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، دوو فڕۆكەوان چوونەتە بنكەیەكی پۆلیس و چەند پۆلیسێكیان بە بارمەتە گرتووە، ڤالێری ئەوسیڤیان جێگری بەرپرسی ھێزە ئەمنییەكانی یەریڤان لە نێو ئەو كەسانەدایە كە بە بارمتەگیراون.

باس لەوش دەكرێت كە ئەو گرووپە رایانگەیاندووە كە ئەوە سەرەتای كودەتایە و داوایانكردووە كە ھەموو زیندانییە سیاسییەكان ئازاد بكرێن بەتایبەت جیرایر سیڤیلیان كە پێشتر بە تۆمەتی بازرگانی چەك دەستگیر كراوە.

میدیا ناوخۆییەكانی ئەرمینیا دەڵێن، پلان دارێژەری دەستبەرداگرتنی ژمارەیەك باڵەخانەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی یەریڤان بووە.

لە بەرامبەردا ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەرمینیا رایگەیاند: "دانووستان لەگەڵ ئەو گرووپە بەردەوامە و ھیچ ھەوڵێك بۆ كودەتا نییە".