گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بۆ كوردستان24: وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا گه‌یشته به‌غدا

K24 – به‌غدا:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا و شاندی یاوه‌ری گه‌یشتنه به‌غدا.
ئه‌حمه‌د سه‌حاف گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق به كوردستان24ـی راگه‌یاند، فه‌یسه‌ڵ میقداد وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا و شاندی یاوه‌ری گه‌یشتنه به‌غدا.
سه‌حاف راشیگه‌یاند، سبه‌ی (یه‌كشه‌ممه 4ـی حوزه‌یرانی 2023) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا ده‌ست به جێبه‌جێكردنی ئه‌جێنداری كاره‌كانی ده‌كات، كه بڕیاره سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه و دواتر له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیه‌كانی عێراق كۆببێته‌وه.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سووریا راشیگه‌یاند، سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا بۆ عێراق، بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و دیمه‌شقه.
رۆژی (یه‌كشه‌ممه 7ـی ئایاری 2023) ئه‌نجوومه‌نی كۆمكاری عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ئاستی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه، كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی خۆی سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی سووریا بۆ ناو كۆمكاره‌كه گرێدا، كه تێیدا بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی سووریایدا بۆ ناو سه‌رجه‌م كۆبوونه‌وه‌كانی ئەنجوومەنی كۆمكاره‌كه و چالاكییه‌كانی سه‌رجه‌م رێكخراو و دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به‌و كۆمكاره.
رۆژی (دووشه‌ممه 8ـی ئایاری 2023) روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، به بڕیاری حكومه‌تی سووریا ئاڵای ئێران كه له‌لایه‌ن گرووپ و میلیشیانی سه‌ر به ئێرانه‌وه له‌سه‌ر خاكی سووریا هه‌ڵكرابوو، له ته‌واوی ناوچه‌كاندا هێنراوه‌ته خواره‌وه.
روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبوو، له‌پاڵ هێنانه خواره‌وه‌ی ئاڵای ئێران، هاوكات ئاڵای گرووپه چه‌كدارییه‌كانی وه‌ك فاتیمییه‌كان و زهینهبییهكانیش له زۆربه‌ی ناوچه جیاوازه‌كانی سووریا داگیراون.
روانگه‌كه پێی وابوو ئه‌م هه‌نگاوه‌ی حكومه‌تی دیمه‌شق بۆ نیشاندانی نیازپاكییه به‌رامبه‌ر به پابه‌ندییه‌كانی سه‌ری به‌رامبه‌ر به گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو كۆمكار و گۆڕه‌پانی عه‌ره‌بی و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی گرووپ و میلیشیا چه‌كدارییه‌كانی سه‌ر به ئێران له خاكی سووریا.
رۆژی سێشه‌ممه (9ـی ئایاری 2023) وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه رایگه‌یاند، ریاز نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماسی خۆی له دیمه‌شق ده‌كاته‌وه، وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و له چوارچێوه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی سووریا بۆ ناو كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی.